کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلووی خەمەکان دەگەشێنەوە

22:20 - 17 گەلاوێژ 2720

ئێرە گڵکۆی شەھیدانی دێموکرات و داوێنی باواجی و ھەیبەت سوڵتانە، لەم تەپۆڵەکەیەدا دەیان دڵی شەیدای ئازادی لە دوا ترپە کەوتن، ئەم تەپۆڵکەیە گوڵخانەیەکە لە ھەرە گوڵە نایاب و جوانەکانی ئەم گەردوونە، سەردەمانێ ئێرە چەقڵەستانێک بوو، بەڵام ئێستا باغستانێکە لە کێلی گڵکۆی نەمران !
دە وەرە حاجی قادری کۆیی لە پەڕەمووچی دەست و بیر و ھزرتدا وشە بە باڵای مەرگە کوێستانیەکانی گەرمێن ھەڵبدە ، بیانلاوێنەوە لە نێو دێڕی ھۆنراوەتدا، ئەوان غەریبن و ھەست بە غەریبی دەکەن، خاڵە تایەر تۆفیق چەھچەھەی بوولبوولان و شیرین بەھارەت بۆچیە، ئیتر دە وەرە ژێی دەنگت با بۆنی کێلی گڵکۆکانی شەھیدستانی دێموکراتی لێ بێ، دە وەرە مامۆستا سەردار لە ناڵەی فلووتی جارانی تەنیشت فێرگەوە، تێی توڕێنە، ئاوازی غەریبییان بۆ بژەنە و مەھێڵە ھەست بە دڵتەنگی بکەن، میوانی ئەم سەردەمە نامۆیە، ئەم جیھانە فانییە، خودان حەوت دەیە لە خەباتە، بیرت نایەتەوە مامە بە دەم لێدانی فلووتەکەتەوە ھەوای سامڕەند و کوێستانی نیشتمانی دەکەوتە جەستەوە، خاڵە سێوە ھەستە و دەمەو سەحەرە، ھەستە تەرمی بێ‌گیانی مامە گیان لە سەر شانانە و کەژاوەی خەمانی لە دوا دایە. مامە زۆر غەریبە، کەم کێل ھەیە لەم مەزارگەیە دەستی مێھرەبانی مامە گیانی بەسەردا نەھاتبێ، کەم گۆڕ ھەیە مامە گیان فرمێسکی لە سەر ھەڵنەوەراندبێ. پشووە بایە گەرمەکانی دەم ڕەشەبای دەشتی کۆیە، دە ھێور بن ئەمڕۆ تەرمی مامە لە سەر شانانە، با بزەو خەندەکانی بە تینی گڕی ئێوە ھەڵنەپڕووکێ، دە وەرن شنە بایەکی فێنک بن، با خەندەکانی مامەی شەیدانی ژیان ھەڵنەوەرن ! باواجی، ھەیبەت سوڵتان ئێوە دەمێک ساڵە پرچی چەرمووی خۆتان بۆ کوێستانیەکانی گەرمێن دەڕننەوە، دەمێک ساڵە ھەوری ئاوسی فرمێسکتان گل دەدەنەوە، ناھێڵن ڕەو بکەن، بە سەر مەزاری شەھیدانی دێموکراتیدا دەبارێنن، بۆ ئەوەی گوڵی سەر گڵکۆی شەھیدان تینوو نەبن و بژیەنەوە. گۆڕستانی غەریبی شەھیدان، زۆر ئێواران مامەی ھەموومان بە چەپکە گوڵێکەوە دەھات بۆ لاتان، ئاخۆ ئەمجار کێ ئێواران بە کۆڵێ خەمەوە چەپکە گوڵێ بێنێ بۆ سەر گڵکۆی مامە گیانی سۆما و گلێنەی چاوان .