کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ختۆکەی حەوتەکان و سمینی کلکی شەش

22:22 - 17 گەلاوێژ 2720

ئەم ژمارەی حەوتە کە لە سەردەمی کۆنەوە بەردەوام لەژێر سەرنجی نەتەوە و هۆزە و عاشیرەت و ماشیرەتان‌دا بووە، خەریکە بە پەرەسەندنی ئەم ئینترنێت و مینترنێتەوە لەبیر دەچێتەوە. قەسەم بە حەوت تەبەقی عاسمانێ، سوێند بە حەوت فریشتەی زەردەشتیان و حەوت سوجدەی موسوڵمانان و حەوت ڕۆژەی حەوتوو و هەرچی حەوتی کۆکراوەی مێژووی مرۆڤایەتییە، “حەفت‌تەپە” حەوتی سەرووی هەموو حەوتانە.
لەو کاتەوە دارسمە وازی لە سمینی کۆتەرەی دارودرەختان هێناوە و پشتی لە جووجەڵە و مووجەڵە و ژیانی دارسمە‌ئاسا کردوە، ئەویش وەک مرۆڤ فێری ئەم ڕووبەرە ساف و لووسەی کامپیۆتێر و موبایلان بووە و بە دەنووکی باریکی لەسەر کەلێن و قوژبن و پیت و نیشانە و ئایکیۆنی سەیروسەمەرە کلیک دەکا و هەر خۆی و خوا دەزانن چیان تێ‌دایە. دارسمە وەک تۆی خوێنەری ئەم چەند دێڕە پشووسوارە و بەردەوام لە سەر شتێک ناوەستێ و لە شوێنێک ناحەجمێ. ئەویش وەک خۆت زۆر جار بە چاوان دەڕوانێتە شێک و لەم مێشكە بچووکەی‌دا بیر لە شتێکی دیکە دەکاتەوە. ئەم بەیانەیە لە ڕیکەوتی ١٤ی پووشپەڕی ساڵی ٢٧٢٠، ئەویش وەک ئێوە تێکەڵی کردبوو و بە دەم سەیرکردنی وشەی “حەوت” گورانی بە سەر ژمارەی شەشدا دەگوتەوە:   یاخوا لە کەس نەقەومێ وەکی لە من قەوماوە دەردێکی زۆر گرانە لە من سەری هەڵداوە مۆرەی بەختم نایەت و شەشدەرم لێ‌گیراوە   دوای ئەم گۆرانیە زیاتر پێیەوە دیار بوو قسان دەپەڕێن و یان لەبەر خۆیەوە وڕێنە دەکا. وڕێنەی دارسمە هەر وایە. خەیاڵی دەبێ بە وشە و هەرچی لێی نزیکە دەنگی دەبیسێ و دەتوانێ بچێتە نێو خەیاڵ و خولیاکانیشی. دارسمە لەبەرخۆیەوە خەریکی تەختە نەردێنە. شەش دەری لێ‌گیراوە و بێهوودە بە هەویای دووشەشە. واز لە دووشەش دەهێنێ و تەنیا یەک مۆرە هەڵ‌داوێ و بە تەمای شەشێکە و لەبەر خۆیەوە دەست پێ‌دەکا: هەڵی داوێم ئەگەر شەش بێ،  بۆ چلەی ئەم ساڵی ئیمام حوسێن کۆرۆنا لێ‌دەگەڕێ ڕێگەی ئێران بۆ کەربەلا ببێتەوە و چەند میلیۆن کەس بە دامامک و بێ دەمامک بە کۆرۆنا و بێ کۆرۆنا ڕوو دەکەنە کەربەلا و بەمجۆرە بۆ ماوەیەک ئەم کارانەی خوارەوە ڕایی دەکرێن: ١-‌ ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و هەواڵدەرییەکان و پێگەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ لە دنیای مەجازیی بێ مەجازاندا پڕ دەبن لە هەواڵی کۆچ و کۆڕەوی بەمیلیۆنان ڕێڕەوی ئیمام حوسێن و هەواڵەکەشی دەبێتە سەرتۆپی هەواڵەکان و هەوڵی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە بێ‌بایەخەکەی ئەمریکا و گران‌بوونی پێداویستییەکان دەخەنە پەراوێزەوە. ئەم هەواڵی گۆشت نەخواردنی هەندێک خێزان و بنەماڵە بەهۆی گرانی و هەڵکشانی هێڵی هەژاریی بۆ سەرووی داهاتی شەش میلیۆن تمەنیی مانگانەش دەکەونە پەراوێزەوە. ٢- کەس ناڵێ ئەم پەتای کرۆنایە بۆ کۆنتڕۆڵ ناکرێ و ئەو ژمارانەی وەزارتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامی ڕایان‌دەگەیەنێ، درۆن. ٣- ‌ سەرهەڵداوانی خۆپێشاندانەکانی ساڵانی پێشوو، هاسانتر ئیعدام دەکرێن. ٤- کەس ناپرسێ، ڕێبەری موعەززەمی ئینقلاب لە چ کون و قوژبنێکدا خۆی حەشار داوە. ٥- بە دەسەڵاتی ئێران و ئۆپۆزسیۆنی فارسەوە، بۆ ماوەیەکی دیکە باشتر دەتوانن ئەشکەنجە و ئازاردان و کوشت‌وبڕی کوردان و نەتەوەکانی دیکە پووش‌بەسەر بکەن. ٦- “یاخوا لەکەس نەقەومێ وەکی لە من قەوماوە دەردێکی زۆر گرانە لەمن سەری هەڵ‌داوە مۆرەی بەختم نایەت و شەش دەرم لێ‌گیراوە”   دارسمە لەبەرا خەریک بوو لە شەشی تێپەڕێنێ و بگاتە حەوتەوانە، بەڵام ئەمڕۆ ئەم بەندە فۆلکلۆرییەی لێ بووەتە بەڵا و بەردەوام لە مێشکی‌دایە و دەیڵێتەوە. لە ناکاو باز دەداتە سەر گۆرانییەکی دیکە و دەڵێ:   “لەخوام تەڵەبە لە مووسای کازم مێردە گولەی بمرێ بۆ خۆم دەیخوازم”   لەناکاو لە تووک و دووعاکردن لە مێردی خەڵکی پەشێمان دەبێتەوە و بیری دەکەوێتەوە ئیمام مووسا کازم “هفتمین اختر تابناک آسمان ولایت”ـە و بەمەیان واز لە شەش دێنێ ڕوو دەکاتەوە حەوت. بەڵام ئەم حەوتە جارێکی دیکە لێی دەبێتە مۆتەکە و لە جیات هەموو حەوتەکانی نێو مێژوو و ئایین و شتی دیکە یەکسەر خەیاڵی دەباتە “هەفت تەپە”. ئەو حەوت‌تەپەیەی باشووری ئێران. ئەو حەوت تەپەیەی بە کارگەی گەورەی قامیشی شەکر ناوبانگی دەرکردوە و لەم دواییانەدا مانگرتنی کریکارانی ئەم کارگەیە بۆ هەموو ئێران تەشەنەی سەندوە و جارێکی دیکە شەشدەری نەک لە دارسمە، لە دەسەڵاتیش گرتوە. دارسمە دەگەڕێتەوە چل و دوو سێ ساڵ لەمەوبەر و بیر لە مانگرتنی سەرانسەریی ئەو کات دەکاتەوە. هیوای بە “هفتمین اختر تابناک آسمان ولایت” نامێنێ و دەزانێ هەرچی لیی بپاڕێتەوە ئەو تەنیا دەتوانێ مێردەگولەکانی نێو لەشکری فاتمیە و زەینەبیە و حیزبوڵڵا و شتی وا بەکوشت بدا، بۆیە دیسان لەبەر خۆیەوە دەڵێتەوە: ” یاخوا لەکەس نەقەومێ وەکی لە من قەوماوە دەردێکی زۆر گرانە لەمن سەری هەڵ‌داوە مۆرەی بەختم نایەت و شەش دەرم لێ‌گیراوە”