کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. مەحموود عوسمان: حیزبی دێموکرات ڕووسوورە لە مێژووی کورددا و بۆ ئەم ڕووسوورییەش نرخی زۆری داوە

01:34 - 25 گەلاوێژ 2720

ئەوساڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان جێژنی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی خۆی دەگرێ. مێژووی نزیک بە هەشت دەیە خەباتی حیزبی دێموکرات لە حاڵێک‌دایە کە ئەم حیزبە بۆ وەدەست‌هێنانی مافەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا لە خەباتێکی بەردەوام‌دایە و سەرکردایەتییەکەی لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتە. حیزبی دێموکرات لە ڕوانگەی شارەزایانی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردەوە یەکێک لەو حیزبانەیە کە لە بەردەم بارەگای نەتەوەکەی خۆیدا بە حیزبێکی ڕووسوور و سەربڵند ناسراوە. هۆکارەکانی ئەو سەربڵندیە چیە و کاریگەریی دێموکرات لە سەر بزووتنەوەی کورد چییە؟ دوکتۆر مەحموود عوسمان کەسایەتیی سیاسی کورد لە وتووێژێکی تایبەتی و لە یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا جوابی ئەو پرسیارانە و چەند پرسیارێکی دیکە دەداتەوە.
  کاک دوکتور سەرەتا زۆر سپاس بۆ بەشداریت لەم وتووێژە زۆر سپاس   با لەپێشدا باسی ئەوە بکەین کە سەرەتای ناسینی جەنابەت لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان و  ڕێبەرانی ئەم حیزبە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ پێشەکی بەخێر بێن. بێگومان یادێکی پیرۆزە و  ئێمەش بە قسە کردن بەشداریی تێدا دەکەین، من هەر لەسەرەتای کاری سیاسیمەوە ناسیومن، حیزبی دێموکرات ئەوەندەی بیرم بێتەوە ساڵی  پەنجاکان کە ئێمە ئەوکات قوتابی بووین، لە زانکۆی پزیشکی لە کۆلێژی پزیشکی لە بەغدا ئەو وەختە دوکتور قاسملووم دیوە، کە هات لەوێوە بە نهێنی پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق ڕەتیان کردبوو چووبوو بۆ پراگ، لەو وەختەوە من ئەوم ناسیوە.  پێش ئەوەش لەوکاتە ناسیاویی دیکەمان لەسەر حیزبی دێموکرات هەبوو، چۆنکە هێندێکیان بەنهێنی لە بەغدا بوون و لە شوێنی دیکە کاریان دەکرد. لە دەرەوەش لە شەستەکانەوە کە هاتوچۆی دەرەوەم کردوە وەکوو نوێنەری شۆڕشی ئەیلوول و مەلا مستەفا بارزانی دایمە لە پاریس و بە تایبەتی لە شوێنی دیکە، برایانی حیزبی دێموکراتمان دەدی، لەبەر ئەوە لە کۆنەوە تێکەڵاویان بووم، بەڵام چونکە هەموو ئیشەکان ئیی ئێمەش و ئیی ئەوانیش نهێنی بووە زۆر دەرنەکەوتوە، بەڵام ئاگادار بووین لە خەبات و لە تێکۆشان و لەوەی کە کردوویانە یان ئەیان کرد.   کاک دوکتور کاریگەریی حیزبی دێموکرات وەکوو یەکەم حیزبی مودێڕنی کورد لە سەر بزووتنەوەی کوردستان بەگشتی چۆن دەبینی؟ حیزبی دێموکرات بێگومان حیزبێکی کۆنە، لە حیزبەکانی دیکەش کۆنترە، یانی لە چل و پەنەجاوە کە دامەزراوە و پێش ئەوەش چەند ساڵیش ژکاف بووە، ڕەبتیان پێکەوە هەیە. دامەزراندنیشی لە مەهاباد بووە، کۆماری کوردستانیش کە ناسراوە شەخسێکی وەکوو پێشەوا قازی محەممەد سەرۆکی بووە، ئەوانە هەمووی کاریگەریی هەیە. حیزبی دێموکرات زۆر ناسراوە و ناسینێکی تەواوی هەیە و کۆنە و زیاتر لە حیزبەکانی دیکە. بێگومان لە کۆنەوە خەباتی کردوە بەڵام ئەوەی من بیزانم حیزبی دێموکرات، یەکێک لەو حیزبانە بووە کە زەرەری نەبووە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد، حیزبەکانی تر زۆر جار زەرەریان لە خۆیان و لە بزووتنەوەکە داوە، حیزبی دێموکرات لەو شتانە کەمتر زەرەری  هەبووە. خەباتی کردوە بۆ وڵاتی خۆی و ئەوەی توانیبێتی هەوڵی بۆ داوە. هەوڵی داوە بۆ دێموکراسی لە ئێران، و لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکانیش هاوکاری کردوە و  هاوکاتیش بۆ ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان.   لە دەرەوەش هەوڵی لۆبیی داوە و لەگەڵ ئەم وڵات و ئەو وڵات وسەرکردەکانیان کە هێندێکیان زۆر ناسراو بوون. لەو بوارەدا کەسانی ناسراو وەکوو دوکتور قاسملوو دوکتور سەعید ئەوەیکە لەوانە گرینگترە بە ڕەئی من و لە زۆر شوێنیش باسیشم کردوە شێوازی هەڵسووکەوتی دێموکرات لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بوو، ئەوکاتە ئێمە لە بەر سنوورەکە پێوەندیمان لە گەڵ ئێران هەبوو و ئەوانیش لەگەڵ عێراق بەڵام هیچ وەختێک شتێکیان لەگەڵ حکوومەتی سەدام و عێراق نەکردوە کە زەرەری بۆ کوردی عێراق هەبێ. ئەوە زۆر موهیمە، بیرم دێتەوە دوکتور قاسملوو بەڕەحمەت بێ زۆر ئەهات و ئەچوو دەیانەویست لە بەغدا تەرتیبی چاوپێکەوتنێکی بۆ بکەن لەگەڵ سەدام، چەند جارێک خۆی لێ دزیەوە، نەیدەویست تێکەڵاو بێ و ئەیوت من ئەگەر سەددام ببینم لە تلویزیون دەرئەچێ و ئەویش ئەیهەوێ  مەدحی بکەین، منیش ناتوانم ئەوە بکەم. کەم هەیە سەرکردەی کورد بەوشێوەیە فکر بکاتەوە، ئەو دەیتوانی زیاتر کەڵک وەربگرێ، دەیانتوانی چەک وەربگرن، پارە وەرگرن بەڵام قەت نەیانویست بچنە ئەو خانەیە کە بە زەرەری کوردی عێراق بێ، ئەوە شتێکی گرینگە بە قەناعەتی من لەبەر ئەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی بەعس و لە گەڵ سەددام کەم بوو بچووک ببوو، دەسکەوتی کەم بوو، بەڵام گوێیان نەئەدایە. ئەوە کارێکی نیشتمانپەروەرانە و باشە.   کاک دوکتور ئەم شێوە سیاسەتەی حیزبی دێموکرات بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ هێندێک کەس دەلێن ئەمە پابەندی حیزبی دێموکراتە بە ڕەچاو کردنی ئەخلاق لە سیاسەتدا. -من وای ئەبینم ئەوان نەیانویستوە دەسکەوتێکیان هەبێ لەسەر حیسابی کوردی پارچەیەکی تر. خۆتان ئەزانن بمانهەوێ و نەمانهەوێ جوغرافیا وای کردوە کوردی عێراق دەبێ پەیوەندی بە ئێران و تورکیە هەبێ، کوردی ئێران لەگەڵ عێراقی هەبێ و ئەویتر لەگەڵ ئەوەیتر، جوغرافیاکەمان وایە، بەڵام ئەو پەیوەندییانە دەبێ بە شێوەیەک بێ لەسەر حیسابی کوردی ئەو پارچەیە نەبێ. ئێستا ئێمە پەیوەندی بە ئێرانەوە دەکەین نابی لەسەر حیسابی کوردی ئێران بێ و زەرەر بە کوردی ئێران بگەیەنین و تورکیەش عەینی شت. ئەوان (حیزبی دێموکرات) ڕەچاوی ئەوەیان کردوە و توانیویانە لەو پەیوەندییە کە هەیانە ئەو باڵانسە ڕابگرن. ئەوە گرینگە، حیزبی تر هەبوو لە کوردستانی عێراق ئەو باڵانسەیان ڕانەگرتوە، نەیان‌توانیوە ڕایبگرن، لەبەر ئەوە بە ڕەئی من ئەو کارەی حیزبی دێموکرات یەکێکە لە خاڵە گرینگەکان و خاڵە ئەرێنیەکانی ئەو حیزبە، ئەوەش لە خەباتدا جێگای تەقدیرە.   کاک دوکتور جەنابت هەم باسی کاک دوکتور قاسملووت کرد، هەم باسی حیزبی دێموکرات کە ڕەچاوی دۆخی خەباتی لە پارەچەکانیتر کردوە، بەڵام  حیزبەکانی دیکە ئەوەیان نەکردووە، چەند جاریش دیومە لە وتووێژەکانتدا ڕەخنەی ئەوەت گرتوە کە بۆچی ڕێگا دەدەن جەعفەر سەحراروودی کە دوکتۆر قاسملووی تێرۆر کردوە بێتە هەرێمی کوردستان. بەڵێ من بەردەوام باسم کردوە، ئێستاش باسی دەکەم ئەڵێم بکوژی دوکتور قاسملوو کە ناوی جەعفەری سەحراروودیە بۆ ڕێگای پێ ئەدەن بێتە هەرێمی کوردستان، ڕەفسەنجانییش کە ئەوکات سەرکۆمار بوو یەکێک لە تاوانبارانە، لە دادگای میکۆنووسدا کە تایبەت بە تێرۆرکرانی دوکتور سەعید بوو هەمووی دەرچووە. لە کەیسی دوکتور قاسملوودا دایانخست، نەیانهێشت لە دادگا بیکەنەوە. هەمیشە و لە هەموو شوێنێک باسم کردوە، خەڵکیش هەیە لێمان عاجز بووە بەڵام من بە ئەرکی ئەزانم هەمیشە باسی بکەم، کابرایەک هاتوە ڕێبەرێکی نەتەوەیی شەهید کردوە لە ژووری موزاکرە، لە ژووری دانیشتن، چۆن تۆ ئەبێ بیبینی و پێشوازیی لێ بکەی؟ ئێران بۆ ئیهانەی کورد کردوویەتی بە لێپرسراو بۆ پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکانی باشووری کوردستان، بە دۆستانی خۆمانم وتوە هیچ نەبێ ئەوە قەبووڵ نەکەن، ئێوە دەڵێن ئێران دایناوە، دەتوانن پێیان بڵێن یەکێکی تر دابنێن، ئەم کابرایە چییە دێت و ئەچێ؟ لەبەر ئەوە من هەمیشە باسم کردوە وەکوو واجیبێک و حەقی خۆشێتی کە هیچ وەختێک ئینسان ئەوەی لەبیر نەچێ و هەمیشە داوای دادگایی ئەوانە بکا ، ئەوانەی کە بکوژن و ئەوانە کە بەرپرسی ئەو تیرۆرانە بوون، بە تایبەتی لە شەهید کردنی دوکتور قاسملوو لە ژووری موزاکرە. تۆ دەبێ داوای موحاکمەی ئەوانە بکەی نەک بیهێنی پێشوازیی لێ بکەی، هەمیشە ئەوەم وتوە و بە ئەرکی دەزانم کە باسی بکەم.   دوکتۆر جەنابەت شارەزای مێژوویی بزووتنەوەی کوردی ئاگاداری کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گەڵ ئەم هەموو خەبات و تێکۆشانە دەیان ئەندامی ڕێبەریی شەهید و تیرۆر کراون بە هەزاران ئەندام و پێشمەرگەی شەهید کراون، بەڵام هەر کۆڵی نەداوە و وەک خۆت باست کرد یەکێک لە حیزبە دیارەکانی نێو بزووتنەوەی کوردستانە، ڕەمزی کۆڵنەدان و بەردەوامیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چیدایە؟ حیزبی دێموکرات لەچاو حیزبەکانی تر ناخۆشیی زۆری دیوە، زۆر کێشەی دیوە ، چونکە لەبەرامبەر ڕێژیمێک کاری کردوە کە خوێنڕێژ بووە، فێلباز بووە، بەرانبەرەکەی هەمووی فێڵ و غەدر و ئەو شتانە بووە، ئێستا ئێمە لە عێراق ئەو هەموو خەباتەمان کردوە لەگەڵ ئەوەی کە عێراقیش لەگەڵ ئێمە خراپەی زۆر کردوە، بەڵام ئیران هەمووی بە غەدر لە بەین بردوە، قازی محەممەد و جەماعەتەکەی بە غەدر، دوکتور سەعید بە غەدر، قاسملوو بەغەدر، سمکۆ بە غەدر، ئیران هەموو ئەوانەی بە غەدر کوشتوە، زەمانی شا و زەمانی ئەمانەش عینی شتە بگرە ئەمانە خراپتریشن. ئێستا بەرامبەری ئێمە ڕێژێمی سەدام ڕەنگە کوشتاری زیاتر کردبێ، ئەنفالی کردوە، کیمیایی کردووین، وێرانکاری کردوە زۆر زیاتر لە ئێرانی کردوە بەڵام بەو غەدر و فڕوفێڵەی ئێرانییەکان ئەمان نەیان‌کردوە. لەبەر ئەوە بە ڕای من دێموکرات زۆربەی سەرکردەکانی لە کیس داوە، سەرکردەکانی موهیم بوون خۆت دەزانی سەرکردەی مێژوویی بوون، وەختێ شەهید دەکرێن کاریگەرییان لەسەر بزووتنەوەی کورد هەیە، تا چ بگا بە لەسەر حیزبەکە، بەڵام دیسانیش ماون و لەسەر خەتی خۆیان ڕۆیشتوون و خەباتیان کردوە. تەنها شتێک کە من گلەیم لێی هەیە و ڕەخنەم لێی هەیە ئەوەیە کە لێک جیا بوونەتەوە و دوو بەشن.  دەبێ ببنەوە بە یەک. ئێستاش ئومێدوارم هەتا زووترە لەم زرووفە ناخۆشەی دنیا کە هەیە کە کورد ڕۆژ بە ڕۆژ پەراوێز ئەخرێ یەک بگرنەوە، دەبێ بە یەکەوە ئەگەر شتێکیان پێی ئەکرێ بیکەن، ئەگەرنا درێژەی خەبات و تیکۆشانیان کە هەر هەیە. لێک جیابوونەوە و یەکنەگرتنەوەیان خاڵی لاوازی ئەوانە بەڕاستی.   کاک دوکتور وەک فەرمووت حیزبی دێموکرات  ئامادە بوو لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەییدا زەرەر لە خۆی بدا، هاوکات دەستێوەردانی لە کاروباری سیاسی بەشەکانی دیکەی کوردستان نەکردوە، لە ڕۆژی ئیمڕۆدا وەک باس دەکرێ، ئەوە هەم زەروورەتێکی حەیاتییە وهەم بەداخەوە هێندێک لایەن وەک جەنابەت فەرمووت ڕەنگە نەیپارێزن و دەستێوەردان لە سیاسەتی پارچەکانی دیکەی کوردستان بکەن. هاوکات نووسەرێکی بە ناوبانگی فەرانسەییش هەر ئەو نەزەرەی جەنابتی هەیە، دەڵێ حیزبی دێموکرات زەرەری لە خۆی داوە، قوربانی بووە، بەس لە پێناو ئەوەی کە ڕەچاوی ئەخلاقی لە سیاسەتدا کردووە تا چەند ئەم ئەخلاقە لە سیاسەتدا و پاراستنی ئەخلاق لە دنیای سیاسەتی ئیستای کوردا پێویستە؟ وەک لە ڕۆژی ئەوڕۆکە کە جەنابەت فەرمووت تا چەند پێویستە؟ بەڕای من زۆر پێویستە چونکە ئەوەمان لەبیر نەچێ ئێمە یەک نەتەوەین، نەتەوەکە دابەش کراوە پێچەوانەی ئیرادەی خۆی.  هەرکام لە پارچەکان خۆی خەباتی هەیە و هەم خەباتی نەتەوەییشمان هەیە، مافی چارە نووسمان هەیە. بەڵام ئەوەی پێویستە لە خەباتی نەتەوەیی نەکراوە، چەند جار هەوڵ دراوە بۆ نموونە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ببەسترێ و ئەم حیزبانە کۆبنەوە. بیرم دێ و یەکەم‌جار ساڵانی حەفتاکان لە بەیرووت خەریک بوون، دوکتور قاسملووشی تێدا بوو، لەوێ بوو ئەوکاتە.  لە پاریس خەریک بوون لە بێلژیک خەریک بوون ، حیزبەکان ئەهاتن و ئەچوون بەڵام ڕیک نەدەکەوتن و هەتا ئێستاش ڕێک نەکەوتن. من وتوومە دوو هۆکاری سەرەکی هەبووە. یەکێکی ناکۆکی حیزبە گەورەکان لە بەینی خۆیان، دووهەمیش دەستێوەردانی ئێران و تورکیە کە نەیان‌هێشتووە سەر بگرێ. حیزبەکانیش پەیوەندییان هەبوو لەگەڵ ئێران و تورکیە. بەڵام دێموکرات لەگەڵ ئەوانە تەڕەف نەبووە، نە شەڕی لەگەڵ حیزبێکی تر هەبووە، نە بووە بە تەرەف لەگەڵ لایەک دژی لایەکی تر. بۆ وێنە دێموکرات کێشەی لەگەڵ پ ک ک زۆر بووە، شێوەی خەباتیان شێوەی ئیش کردنیان، بەس دێموکرات بەلای نەرمیدا جووڵاوەتەوە بۆ ئەوەی کێشە دروست نەبێ. لەو لایەنەوە و جاری وا هەبووە خۆشیان زەرەریان کردوە لەوە بەڕاستی. فەترەیەک ئێمە ویستمان کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ببەسترێ و هەوڵیش‌ درا پێش چەند ساڵێک، بەڵام دیسان تێک چۆوە. چونکە پ ک ک لەگەڵ یەکیەتی و پارتی و بەتایبەت لەگەڵ پارتی کێشەیان هەبوو. شەڕ نەبوو بەڵام دیسان ناکۆکیی، مەسەلەن  پ ک ک هات گوتی دەبێ نیوەی کورسییەکان هەمووی بۆ من بێ، دێموکرات غەدری لێکرا. من چوومە لایان لە کۆیە بەس باسی ئەو بابەتەمان کرد، وتیان گرینگ نییە قەیناکا با کورسیی کەمتر بێ بەلام هەر کارەکە ڕێک خەن. بۆ نموونە جاری وا هەبووە لەو ئیختلافاتانەی کە هەبووە دێموکرات نەیویستوە کێشە دروست کا، ئەگەر توانیبێتی حەلی کردوە و ئەگەریش نەیتوانیبێ دژ نەبووە.  ئەمە گرینگە و تەئسیری هەیە و زۆر جار زەرەریان کردوە خۆیان بەڵام دیسانیش زەرەرەکەی قەبووڵ کردوە و نەیویستوە زەرەر لە نەتەوەکەی بدا. ئیستا دەبینین مەسەلەن دێموکرات لەگەل ئەو هەموو وەزعەی کە هەیەتی ئێران دێ تیرۆریان ئەکا، مووشەکی تێ‌ئەگرن، وەک باسمان کرد سەرکردەکانیان تیرۆر کردوون، ئێران بە کەیفی خۆی دێت و دەچێ و دەسەڵاتی هەیە بەڵام دیسانیش دێموکرات موراعاتی وەزعی کوردستانی عێراق ئەکا. زۆر زیاد لە پێویست زەخت نە لە یەکیەتی و نە لە پارتی و حیزبەکانی دیکە ناکا و موراعاتیان ئەکا. خەڵک گلەییشی لێ‌ دەکا باشە تو ئەو هەموو شتەت بەسەر دێ بۆ قسەیەک ناکەی بەیانییە دەرناکەی. وەک وتم زەربەی لێ خواردوە بەڕاستی بەڵام ئیتر ویستوویەتی خۆی زەربەکە بخوا، نەک زەرەر لە بەرژەوەندییە گشتییەکە بدا. ئەوانە خاڵی موهیمن لەو ناحییەوە. تێگەیشتوون کە پارتی و یەکیەتی لەگەڵ ئێران پەیوەندییان هەیە، مەجبوورن بەعزێک شت بکەن و لەوە زیاتریش ڕۆیشتوون بە قەناعەتی من. لەگەڵ پەکەکە ئەمە نەبووە. بۆ نموونە ئەو ڕەچاو کردنەی دێموکرات بۆ وەزعی باشوری کوردستان کردوویەتی بۆ ئەوەی کێشەیان نەبێ و خۆشی زەرەری تێدا کردووە، پ ک ک بەو شێوەیە نەبووە، ئەمە هەیە ئەم شتانە واقعین.   ئەمانەی کە باست کرد لە کۆتاییدا نیشاندەری ئەوە نییە کە دێموکرات حیزبێکی ڕووسوورە لە مێژووی بزووتنەوەی گەلی کورددا ، هەروەک ئەوەی کە ئێستا هەیە؟ بەڵێ ڕووسوور دەرئەکەوێ، تەبعەن ڕووسوورییەکە نەرخی هەیە، و دێموکرات ئەو نەرخەی داوە.   کاک دوکتور پێوەندیت لەگەڵ ڕێبەرانی ئێستای حیزبی دێموکراتدا چۆنە؟ وەڵڵا پێوەندیمان باشە، لەگەڵ مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە لە کۆنەوە پەیوەندیمان هەیە، لەو بەریش کاک مستەفا هیجری. کۆنەکان ئەناسم و ئەوانی تریش بەڵام ماوەیەکە نەچووم بۆ لایان. بەڕاستی ئەم فەترەیەش ئەم کورۆنا و بەزم و ڕەزمە پەیدا بووە دەنا من سەریان ئەدەم. ئەچم قسەی خێریش ئەکەم لە بەینیان بەڵام ئیتر هێشتا هەر دوو حیزبن ئۆمیدوارم ببنەوە بە یەک.   کاک دوکتور ئێستا کە بەرەو یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات دەچین، جەنابەت چ قسەیەکەت بۆ لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و بە تایبەتی بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە؟ وەڵڵا من زۆر پیرۆزبایی لەو یادە ئەکەم، بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەو سیاسەتانەی ئێران ئەکەم کە زۆر زۆر خراپە، و مووشەکی لەسەر ئێمە تاقی کردەوە. ئەوە کەم نییە، ئەمریکاش بێدەنگ بوو. ئەمریکا کە شەوڕۆژ ئیدعا ئەکەن کە ئێران تیرۆریستە و بەداخەوە بۆ کورد کوشتن قسەیان نەکرد. لەبەر ئەوە من زۆر ئیدانەی سیاسەتەکانی ئێران دەکەم کە زۆر زۆر خراپە و هێشتا چالاکانی کورد لە سێدارە ئەدەن و زۆر کاری دژە مرۆڤانەی دیکە ئەکەن. دیسان پیرۆزبایی لە حیزبی دێموکرات دەکەم بۆ ٧٥ ساڵەی دامەزرانی، ئۆمێدەوارم کە وا بتوانن  لەو یادە  بیر لەوە بکەنەوە کە یەک بگرنەوە. چونکە بەرنامەی هەر دوولا بخوێنییەوە ئەگەر پێت نەڵێن ئەوە ئەوەیە لێکیان ناکەیەوە و، جیاوازیەکی فکری نابینم، جیاوازی سیاسی نابینم لە نێوانیاندا، وەختی ئەوە هاتوە کە یەک بگرنەوە. چونکە دنیا ئێستا کیشەی زۆر گەورەی تێدا پەیدا بووە، نەک ئێمە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڵکوو هەموو دونیا. جا لەبەر ئەم بارودۆخە پێویستمان بەوە هەیە کە خۆمان یەکگرتوو بین، یەکگرتنی ئێمە کلیلە بۆ ئەوەی تۆزێ دەورێکمان هەبێ، شتێکمان هەبێ و بەیەکەوە لوبیگەری بکەین. هەموو حیزبە کوردییەکانیش بەڵکوو بەیەکەوە بتوانن کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستن، شتێکی نەتەوەییان هەبێ لە دەرەوە، نوێنەریان هەبێ، من ئۆمێدوارام ئەوەی کە من داوامە لەم یادە ئەوەیە کەوا ئەوە بکرێ و یادی شەهیدەکان لە بیر نەچن کە قازی محەممەد پێشەوا و هاوڕێکانی شەهید بوون،  ئەوکات دێموکرات یەک بووە، کە دوکتور قاسملوو شەهید بووە دێموکرات یەک بووە و دوکتور سەعید شەهید بووە حیزب یەک بووە هیچ نەبێ لە یادی ئەو شەهیدانە بەیەکەوە بن. وای لێ هاتووە بەداخەوە مەسەلەن من دەعوەتم ئەکەن سەیر دەکەی یادی قازی محەممەد بە جیا ئەکەنەوە، یادی قاسملوو بەجیا، نایەم بۆ هیچیان نایەم ئەگەر بە جیا یادیان بکەنەوە، من دۆستی هەمووتانم بەڵام بۆ بە یەکەوە نایکەن؟ ئەو ناکۆکی و شتانە دەبێ بەرتەرەف بکەن و ڕێک بکەون و هاوکار بن و ئێمەش و هاوولاتیانی خۆشیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانیان ئەبن و بە هێزتریش ئەبن.   کاک دوکتور وەکوو دوایین پرسیار، ئەو هەڵسوکەوت و سیاسەتانەی کە حیزبی دێموکرات لە پانتایی کوردستانی گەورەدا کردوویەتی تا چەند بۆ ئێستای کوردستان و پرسی کورد پێویستە؟ من هەمیشە گوتوومە و ئێستاش ئەیڵێم؛ حیزبە کوردستانییەکان هەموویان ئەوەیان لە بیر نەچێ ئەگەرچی خەبات ئەکەن لە پارچەیەک بەلام بەشێکن لە نەتەوەیەک. یانی ناتوانی هەرچیت دەوێ بیکەی، دەبێ حیسابی نەتەوەکە بکەی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتان کە ئەکەن لەسەر حیسابی کوردی ئەو پارچانە نەبێ کە دەوڵەتان هەیانە. هەوڵ بدەن هاوکاری یەک بن، لە کۆندا براکوژی هەبووە ڕاستە ئێستا نەماوە، بەلام هیچ نەبێ هاوکاریی سیاسی لە بەینیان هەبێ. هەموویان بەیەکەوە حیسابی ئەوە بکەن کە کورد نەتەوەیەکە و پارچە پارچە کراوە، ئەم بەرژەوەندییە بخەنە پێش بەرژەوەندیی کەسی و حیزبی بۆ ئەوەی بەیەکەوە کار بکەن و بتوانن ئەگەر شتێکی باشیان پێی ئەکرێ بۆ میللەتەکە. ئەو میللەتە زۆری قوربانی داوە، کورد لە هەموو پارچەکان زۆری خوێن لەبەر ڕۆیشتوە، نابێت حیزبەکان ئەوەیان لە بیر بچێ، نابێ ئەویان لەبیر بچێ کە ئەو هەموو شەهیدە و قوربانییە و ماڵوێرانیەی کە کراوە ئەمان بەم شێوەیە دژی یەک بن یا کێشەیان هەبێ. حیسابی بەرژەوەندییە گشتیەکە بکەن. حیزبایەتیی تەسک بەلاوە بنێن و بتوانن لەسەر هەندێ خاڵی هاوبەش ڕێک بکەون. بەرژەوەندی نەتەوەیی چییە ئەوە بکەن و نەهێڵن دەوڵەتانی داگیرکەر تورکییە، ئێران، یا ئەوانیتر سوود لەو ناکۆکییانە وەر بگرن بۆ بەرژەوەندی خۆیان.   زۆر سپاستان دەکەم کاک دوکتور، سپاس کە لەم یادەدا بەشداریی ئەم وتووێژەت کرد و باسێکی تێروتەسەلت لە بزووتنەوەی کورد و بە تایبەت حیزبی دێموکرات کرد. ئێوەش پایەدار بن.