کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵاوا پێشمەرگە خۆنەویستەکەی ڕۆژە سەختەکان

17:37 - 16 خەرمانان 2720

ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ خۆیان به‌ختی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ گه‌له‌كه‌یان ده‌كه‌ن و به‌ سه‌ربه‌رزی‌ و ڕووسووری‌ ده‌سته‌ملانی‌ خاكه‌ پیرۆزه‌كه‌یان ده‌بن، له‌ نێو كۆمه‌ڵانی‌ به‌رینی‌ خه‌ڵکدا جێگای‌ هه‌تا هه‌تایان بۆ ته‌رخان ده‌كرێ‌ و له‌ پاش مردنیش ناو و ناوبانگیان به‌ زیندوویی‌ ده‌مێنێته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ لاوان و شۆره‌سوارانی‌ گه‌لی‌ كوردو مرۆڤه‌ هه‌ڵكه‌وتوه‌كان، ئه‌وینداری‌ ڕێگای‌ ئازادی‌ و دێموكراسی، بۆ وه‌ده‌ست هێنانی‌ ئه‌و ژیانه‌ سه‌ر به‌رزانه‌یه ‌و، له‌پێناوی‌ هێنانی‌ ئازادیدا، خه‌بات ده‌كه‌ن. هێرشی‌ هێزەکانی‌ خومه‌ینی‌ بۆ كوردستان و نەبیستنی دەنگ و پەیامی ئاشتیخوازانەی کورد لە لایەن تارانەوە قۆناغێکی نوێی لە مێژووی خەبات و حەماسەی پێشمەرگەکانی کوردستان هەڵدایەوە. قۆناغێک کە مێژوویەکی پڕ سەروەریی بۆ کورد و بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە  ئێران تۆمار کرد. لەو هەلومەرجەدا کە شەڕێکی نابەرامبەر بەسەر کوردستاندا سەپابوو، به‌ هه‌زاران ڕۆله‌ی‌ كورد بۆ به‌ربه‌ره‌كانی‌ دژی‌ هێزی‌ داگیركه‌ران ڕوویان كرده‌ ڕیزه‌كانی‌ حیزبی‌ دێمۆكراتی‌ كوردستان. لە هەگبەی شاخ و شۆڕش یادی قارەمانێك دەکەین کە هەمووی دوو حەوتوویە ماڵاوایی یەکجارەگیی لێ خواستووین. مەهدی شەفیعی ناسراو بە مەهدی «بامناوا» ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە ئاوایی «بامناوا»ی لایلاخی سنە چاوی بەدنیای ڕوون، بەڵام پڕ لە کوێرەوەری کردەوە. بە منداڵی لە ناز و باوەشی گەرمی دایک بێبەش دەبێ و سەڕەڕای ناخۆشییەکانی ژیان، تا پۆلی‌ ٥ی سەرەتایی دەخوێنێ و هاوكات له‌گه‌ڵ خوێندن كاری‌ ڕۆژانه‌ی‌ كردوه‌. مەهدی كورێكی‌ باش‌ و له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ڕوو خۆش بوو. قۆناغی‌ لاوەتیی هاوكات بوو له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی‌ شۆڕشی‌ پڕ شكۆی‌ گه‌لانی‌ ئێران. ئه‌و وه‌ك لاوێكی‌ خوێن گه‌رم له ‌خۆپێشاندانه‌كانی دژی‌ ڕێژیمی‌‌ پاشایه‌تیدا‌ به‌شداری‌ی چالاكانه‌ی‌ كرد و به‌ ده‌ست پێكردنی‌ تێكۆشانی‌ ئاشكرای‌ حیزب له‌ ناوچەی دێولان و لەیلاخ و سنە‌، مەهدی ئاواته‌كانی‌ خۆی‌ و نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ له‌ به‌رنامه‌ی‌ حیزبی‌ دێموکراتدا دیته‌وه‌. ساڵی ١٣٥٩ بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکرات و ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ ئه‌و هه‌سته‌ی‌ زیاتر له‌لا بەهێز ده‌بوو، بۆیه‌ بڕیاری‌ یه‌كجاریی‌ دا و ‌ساڵی ‌١٣٦٠ بوو به‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حیزبی‌ دێموکرات‌. له‌ ماوه‌ی‌ پێشمه‌رگایه‌تییدا ڕێكوپێك و به‌نه‌زم و له‌خۆبوردوو بوو. به‌ئه‌خلاق و له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌رانی‌ ڕووخۆش‌ بوو، خه‌ڵك ڕێزیان ده‌گرت و خۆشیان ده‌ویست. هه‌میشه‌ له‌ گونده‌كان له‌گه‌ڵ لاوه‌كان قسه‌ی‌ ده‌كرد و باسی‌ سیاسه‌تی‌ حیزبی‌ بۆ ده‌كردن. ئه‌و به‌ لێهاتوویی‌ و لێوه‌شاوه‌ییه‌وه‌ ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌كانی‌ به‌ ڕێكوپێكی‌ به‌رێوه‌ ده‌برد و بڕیاره‌كانی‌ حیزبی‌ بەجێ دەگەیاند. هه‌ڵسووڕان و چالاكیی‌ ئه‌و له‌ خه‌بات دژی‌ دوژمنانی‌ ئازادی‌ دیار و به‌رچاو بوو. له‌ زۆربه‌ی‌ شه‌ڕه‌كاندا به‌شداریی‌ چالاكانه‌ی‌ هه‌بوو وه‌ك قه‌ڵایه‌كی‌ پۆڵایین له‌ به‌رامبه‌ر دژی‌ گه‌لییه‌كاندا ڕاوه‌ستابوو. مەهدیی قارەمان و هاوسەنگەرانی لە کوڕانی دێموکرات لە مەڵبەندی سنەی خۆڕاگر، دەیان جار دوژمنیان لەو دەڤەرە بەزاند و بەچۆکیاندا هێنان. ئەو لە شەڕەکانی هانیس، خەیارە، کانی‌بچکۆلە و نەڕان، کۆرەی مریەم، به‌رووه‌ر، سه‌رجۆ و زۆر شەڕی گەورە و چووکەی دیکە ڕۆڵی گرینگی تێیاندا گێڕاوە. مەهدی بامناوایی تێکۆشەرێکی بەورە، خاوەن بڕوا و زۆر سەنگین بوو. لە ماوەی پێشمەرگایەتییدا دووجار بریندار بوو. هاوڕێیەکی بەمجۆرە باسی یەک لەو جارانە دەکا: « هاوێنی ١٣٦٦، لە بناری کۆساڵان، لە خوار ئاوایی «ژریژە» کەوتینە کەمین و مەهدی بەسەختی بریندار بوو. شاردنەوەی کەوتە سەرشانی من و بە دارەتەرم گواستمانەوە بۆ باخێک بە ناوی «گەڕاو». لەوێ من سپاردمە دەست خەڵک و دوای دوو حەوتوو چووین هێنامانەوە. لەو ماوەیەدا خەڵکەکە فرەی لێ ڕازی بوون و تاریفی ئیرادە و خۆڕاگرییان ئەکرد.» مەهدی بامناوا شەو و ڕۆژی بۆ ئەرکی حیزبایەتی نەبوو. هەر ئەوەش بوو کە بەرپرسایەتیی جۆراجۆری وەک سەرپەل، سەرلک، ئەندامی کۆمیتە شارستان و فەرماندەری تیپی لە ناوەندی ١ پێ سپێردرا و ئەرکی خۆی بە سەداقەتەوە بەڕێوە دەبرد. ئەمەش ئەوی لای خەڵکی لەیلاخ خۆشەویست کردبوو.   کاک مەهدیی خۆشەویست! دڵنیا بە هاوسەنگەرانت لە یادت ناکەن. وشەی جوان و خۆشەویستی پێشمەرگە سەردەمانی خۆڕاگری بە بەژن و باڵای تۆ بڕابوو، بۆیە هەمیشە ناوی بەرزی پێشمەرگایەتیت لەسەر زاریان دەمێنێتەوە. ئەی تێکۆشەری کۆڵنەدەری خۆنەویست، تەژی لە حەماسە و شانازی‌خوڵقێنی و نەبەزی؛ ئەمە شانازییە بۆ تۆ کە نزیک بە چوار دەیە لە سەنگەری خەبات و هەڵسووڕانی بەردەوام و نەپساوەدا بووی. پێشمەرگایەتی بۆ تو، واتای خاونێتی لە سەنگەری مافخوازی و ڕاگرتنی سەری بەرزی نیشتمان بوو. ڕوحت شاد پاڵەوانی مەیدانی ڕۆژە سەختەکان.