کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ کارەساتە خوێناوییەکەی ١٧ی خەرمانان

19:35 - 18 خەرمانان 2720

هۆ هەناسە سەوزەکان هۆ پڕشنگە زێڕینەکان هۆ دەنکە مرواییەکانی بەر بریسکەی خۆرەتاو بە هەناوی کام برینتاندا ڕۆچم ؟ لە دەلاقەی کام زامتان بدەم ؟ ئەی باڵندە پەڕیوەکانی هەناوم، وەی وێنە جوانەکانی کارپوستاڵی دڕاوم ئێوە هەر هەمووتان بونەتە تابڵۆیەک و  لە پێشانگای ڕوحمدا بۆ هەتا هەتایە هەڵواسراون لەنێو چاوەکانمدا لە شەتڵ دراون شەمی هیواکانتان لە گلێنەمدا گەش گەش دایسێ ئاواتەکانم بە ئامانجەکانتانەوە شەتەک دەدەم شێعرەکانم بە بە سرودەکانتانەوە  گرێ دەدەم هەناسەم لەژێر پێی یەک بە یەکتاندا دەنێژم من ئەوە لێرە جڵەوی ئەسپە سپیەکەی کەریم سەقزی دەگرم و ئازاری خەمەکانتانی دەهاوێمە سەر پشت من لێرە لانکە تۆز لێ‌نیشتراوەکەی نەسرین حەداد دێنمەوە گۆڕێ و برینەکانتان ڕادەژێنم ئیدی لەوە بەم لاوە ئەگریجەی ماش و برینجیەکانی نەسرین حەداد و چاویلکەکەی چاوی سوهەیلا قادری و شێعر و هەڵبەستەکانی لە ناخمدا سەوزتر دەبن لەوەی بەدواوە بوخچەی خەمی ئەوان لەکۆڵ دەنێم و شار بە شار و گوند بەگوند و ماڵ بە ماڵ دەیانگێڕم ئیتر لەمە بەدوا پەری نێو هەموو شێعر و نوسراوەیەکمن، لەگەڵ هەنیسکی کچەکانیاندا لە ناخەوە دەهەژێم لە تەک لێو کرۆشتنی کوڕەکانیاندا هەموو بەندی لەشم دەبێتەوە زنجیری ڕق و تۆڵە و لە دەست و پێی جەللادەکان دەهاڵێم، لەگەڵ قوڵپی هەر گریانێک من خوساوی نێو دەریای فرمێسکەکانتانم، سەیر کەن سەیر، ئەوە خوێنی ئێوەیە یا دەنکە یاقووتی سوورە بە دیواری قەڵاوە؟ یا خەنەبەندانی بووکی ئازادی وا “دوکتور” بە بزەوە لێی دەڕوانێ خوشکە نەسرەوتووەکانم، برا شۆڕشگێڕەکانی مەتەرێزی شەڕەف و کۆڵنەدان بە هیچ کولۆجێک هەواڵی مەرگتان باوەڕ ناکەم چونکە ئێوە ڕووناکین و لە گلێنەمدا تۆراون وەرن با ئاشت بنەوە ئێوە ئەستێرەن، ئەستێرە قەت ئەوەندە نەوی نابێ سەگ زمانی بیگاتێ دڵۆپ دڵۆپ خوێنی پاکتان بە دەستی پیاوکوژانی مێژوەوە مەییوە، و بە هیچ ئاوێک ناشۆرێتەوە و ڕەنگ ناگۆڕێ، ڕاخوشینی ئەو پۆلە ئەستێرەیە لە ناخەوە هەموومانی هەژاند و ڕەشپۆش و ماتەمباری کردین بەڵام من دڵنیام هیچ کام لەو کەسەر و نسکۆ و نەهامەتیانە هەنگاو بە ڕێبوارانی ئەم ڕێگایە شل ناکەن و نابن به کۆسپ و لەمپەر لە سەر ڕێگای ئاواتە پیرۆزەکانیان بۆ خەمی ئەو کۆستە بەکۆیەتان شاخ هەناسەی کزە و دارستان ماتەمبارە جوتیار و کرێکار و شوان نانەبەرەیان بە مۆری هێناوە بۆ ماڵ بەڵام خۆشەویستانم ئێوە نەمردوون و نامرن، چونکە ئێوە پێشمەرگەی دێموکڕاتن و ئەوەش سوننەتی حیزبی دێموکڕاتە زامی وا گەورە هەڵگرێ، قوربانیی وا بەنرخ پێشکەشی بارەگای ئازادی گەلی کورد بکا، و لە زۆر مەیدانی ئاوادا ڕووسوور و سەر بڵیند هاتۆتە دەرێ و دڕی بە تاریکی داوە و بە چۆک دانەهاتووە و کۆڵی نەداوە ئێستاش من دڵنیام هەموو بەیانییەک دێنەوە لە نێو باخچە سەوزەکەی بەر دەرکی قەڵا سرودی ئەی ڕەقیب دەڵێنەوە ئێمەش هەر لە گەڵتانین  ئێمەش هاوهەنگاوتانین و هەتا دوا پشوو ئەو ڕێگایە دەپێوین کە ئێوە پێی‌دا ڕۆیشتوون هاوڕێیان لێرە مزگێنیتان دەدەمێ ئەو نەمامانەی ئەوڕۆ کچانی شەدە و هەوری لەبەر لەکوڵن ئیزن نادەن ئامانجەکانتان کاڵ بێتەوە و گەرد لە گوڵی هیواکانتان بنیشێ کە وابوو بەخاترجەمی چاو لێک نێن و بە ئاسوودەیی بنوون ڕێگاتان بێ ڕێبوار نامێنێتەوە منیش دەریای خەمەکانتان دەگوێزمەوە نێو چاوەکانم و حەز و هیوا کەسکەکانتان ئەڕوێنمە نێو شێعر و نوسراوەکانم لە سوچێکی دڵمدا لە تەرەیان دەدەم هەتا ئەوڕۆژە ئازادی دەبێتە خانەخوێی ئەم ن ی ش ت م ا ن ە ــــــــــــ نیشتمانە ـــــــــــــ