کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دەیان شاری وڵاتانی ئورووپایی دژی ڕێژیمی ئیران خۆپیشاندان بەڕێوە چوو

12:13 - 9 بانەمەڕ 2724

دوای سێ ڕۆژ لە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ تووماج ساڵحی، کۆمەڵێک لە کوردستانییان و ئێرانییانی نیشتەجێ لە وڵاتانی ئورووپایی خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم حوکمە بوون.

ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕ، دوای سێ ڕۆژ لە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ تووماج ساڵحی هونەرمەندی ناڕازی و خاوەن هەڵوێست، کوردستانییان و ئیرانییانی دەرەوەی وڵات لە چەند وڵاتی وەکوو دانمارک، ئوتریش، سویس، سوید، ئاڵمان، فەرانسە، بریتانیا و بێلژیک بۆ پشتیوانی لەو هونەرمەندە و دژایەتی و مەحکوومکردنی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانییان بەڕێوە برد.

خۆپیشاندەران لە برووکسێل لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران بە وتنەوەی "دەبێ زیندانییانی سیاسی ئازاد بکرێن'' و دروشمیان دژی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وتەوە و خوازیاری ئازادکردنی تووماج ساڵحی بوون.

ڕۆژی شەممە لە وڵاتی ئاڵمان لە شارەکانی کۆڵن، هانۆڤێر، هامبۆرگ، یۆتۆبۆری و دوسێلدۆرف خۆپیشاندان دژی ڕێژیمی ئیران بەڕێوە چوو؛ هەروەها ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بانەمەڕ ژمارەیەک لە کورد و ئێرانییانی دانیشتووی شاری بێرلین لە بەردەم بینای وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان کۆ بوونەوە و بەرامبەر بە حوکمی قورس بۆ زیندانییانی سیاسی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

خۆپیشاندەران داوایان لە حکوومەتی ئاڵمان کرد کە هەموو دەسەڵاتی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حوکمە بەکار بهێنێت و دەستبەجێ و بێ مەرج تووماج ساڵحی و باقی زیندانییانی سیاسی لە ئێران ئازاد بکات.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو لە شارەکانی لەندەن، ڤییەن، ستۆکهۆڵم، شاری ئۆتاوا لە کانادا و زوریخی سویس و شاری میلان لە ئیتالیا و چەندین شاری دیکە خۆپیشاندان بەڕێوە چوو.

 جێگەی ئاماژەیە کە بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات چالاکانە بەشداری خۆپیشاندانەکان بوون و دژی ڕێژیمی ئێران و پێشێلکاری و ستەمکارییەکانی ئەو ڕێژیمە دروشمیان دا.

جێگەی ئاماژەیە کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی بانەمەڕ، لە چەندین شاری وڵاتانی ڕۆژاوایی خۆپیشاندانی دیکە بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە بچێت.