کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوێک لەلایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە لەسەر کاناڵی تێلێگرامیی "ئاسۆی نیشتمان"

22:13 - 4 خەزەڵوەر 2720

چەند کەسێک لە ڕێگای کاناڵی "ئاسۆی نیشتمان"ەوە باجگیری لە خەڵک دەکەن. ئەم چەند کەسە کە بە داخەوە بە کەڵک وەرگرتن لە ناو و ئێعتباری حیزبێکی خاوەن ڕابردووی پڕ لە فیداکاری، لە ڕێگای دانانی کاناڵێکی تێلگرامی بە ناوی "ئاسۆی نیشتمان"ەوە خەریکی باجگیری لە خەڵکن، بۆ سوود و قازانجی خۆیان لە ڕێگای ئەم کاناڵەوە پێوەندی بە خەڵک لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەگرن و داوای پووڵ و پارەیان لێ دەکەن و هەڕەشە دەکەن کە ئەگەر داواکانیان بەجێ ‌نەگەیەنن، وەک سیخوڕ و بەکرێگیراو ناویان لە کاناڵەکەدا بڵاو دەکەنەوە. لەم پێوەندییەدا تا ئێستا ئەم چەند کەسە – کە ناویان زانراوە و چەند جارێکیش بەرپرسانی حیزبەکەیان لێ ئاگادار کراوەتەوە بەڵام بەداخەوە هیچ هەڵوێستێکیان بەرانبەر نەگیراوە – ناوی دەیان کەسیان لە کاناڵی "ئاسۆی نیشتمان"دا بڵاوکردۆتەوە و تۆمەتی جاش و بەکرێگیراویان داونە پاڵ کە لە نێویاندا کەسانی نیشتمانپەرەوەر و تەنانەت بنەماڵەی شەهیدیش هەن. لێرەوە وێڕای لەقاودانی ئامانجە قازانج‌پەرەستەکانی چەند کەسێکی پشت ئەم کاناڵە، داوا لە لایەنی پێوەندیدار دەکەینەوە کە وێڕای داخستنی ئەم کاناڵە و لێپرسینەوە لەم کەسانە، ئیزن نەدەن کەسانی بە ناوی لایەنێکی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانەوە ئەو کردەوە زیانبار و قیزەونانە درێژە پێ بدەن و ڕێگە لە دیاردەی دزێوەی تۆمەت خستنەپاڵ کەسانی نیشتمانپەرەوەری خەڵکەکەمان بگرن.

حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمیسیۆنی تەشکیلات

٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٩