کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: سەرکەوتن بۆ ئێمەیە، چونکی کوردستان هێزی پێشمەرگەی هەیە

15:01 - 1 بەفرانبار 2720

(دەقی قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەزدا) خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان! ئەندامان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان! هاوڕێیانی خۆشەویست! بە بۆنەی هاتنەوەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، پێرۆزبایی لە هەموو ئێوە، پێشمەرگە تێکۆشەر و قارەمانەکانی کوردستان دەکەم. هەروەها جێی خۆیەتی لێرەوە پیرۆزبایی لە بنەماڵە و دایک و باب و خوشک و برا و کەسوکاری هەموو ئەو پێشمەرگانە بکەم، کە پێشمەرگەیان بۆ خزمت بە کوردستان و بەرگری لە خاک و نیشتمان وکەرامەتی کورد، پێشکەش بە بارەگای حیزبی دێموکراتی کوردستان و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد کردووە. هەروەها لێرەوە لە ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کانگای پێشمەرگایەتی و شۆڕشگێڕی، بەبۆنەی ئەوە ڕۆژە پیرۆزەوە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی بە سەرجەم خەڵکی کوردستان دەڵێم. ئاڵا و پێشمەرگە دوو هێما و دوو شۆناسی هەرە گرینگ و بەبایەخی ئێمەن. لە ماوەی حەفتاوپێنج ساڵی ژیانی پڕ لە شانازیی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا ئەم دوو هێمایە، بوونەتە سیمبول لەپێناو خەبات و تێکۆشانی کورد لە ڕەوتی خەباتی مافخوازانەی‌دا. حەفتاوپێنج ساڵ پێش ئێستا کاتێک سەرۆک کۆماری کوردستان، پێشەوای حیزبی دێموکرات، قازی محەممەد، بە لێکدانەوەیەکی بەرپرسانە و واقیع‌بینانە حیزبی دێموکراتی کوردستانی دامەزراند و، بەتاڵایی ئەو کاتی پڕ کردەوە، لە هەمان کاتدا کە زۆر دوور دەیڕوانی، بەدوای دروست‌کردنی هێما و پێناسە و شۆناس بۆ نەتەوەکەی بوو، کە ئاڵا و پێشمەرگە دوو لەو هێما گرینگانەن. کاتێکیش خۆی لەسێدارە درا و کۆمارەکەی ڕووخا، بەڵام هێماکانی و پێناسەکەی و ئەو شوناسەی کە بە ئیبتیکاری ئەو دروست کران، واتە پێشمەرگە و ئاڵا مانەوە و ئێستاش هەر ماون و لەجێی شایانی خۆیانن. پێشمەرگە بە بەرگریی لە کوردستان و بە گیانبازیی خۆی ئاڵای کوردستانی شکاوە ڕاگرتووە و ئاڵاش بە شکاوەیی خۆیی هەست و سۆزی نەتەوەی کوردی هەمیشە زیندوو ڕاگرتووە. هەر ئەو هەست و سۆز و باوەڕە و ئەو پێناسەیە، لە ماوەی حەفتاوپێنج ساڵی ڕابردوو بەو هەموو هەوراز و نشێوانەی بە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا هاتووە، هۆی بەرگەگرتنی حیزب بووە لە هەمبەر هەموو ئەو کارەساتانەدا. مانەوەی حیزبی دێموکرات و بەردەوامیی جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوە دەگەیەنێ کە ئەو پێناس و شوناسە نەتەوایەتی و کوردایەتییە کە بەردی بناخەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە و، ئەو سیاسەت کردن و هەست بە بەرپرسایەتی و، گەڕان بە دوای چارەسەری پرسی کورد کە بەرهەمی سیاسەتی واقیع‌بینانە و خوێندنەوەی وردی پێشەوا قازی محەممەد بوو، تا ئێستاش بەخۆشییەوە بەردەوامە. ئێمە دەبینین کە لە هەموو شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پۆل پۆل کچان و کوڕانی ئێوە کە میراتگری ئەو بەها و بایەخە شۆڕشگێری و نەتەوەییەن، بۆ بەئاکام گەیاندنی جووڵانەوەی مافخوازیی نەتەوەکەیان پێوەست بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبن. ئەوە جێگای خۆشی و سەربەزرییە کە کارەساتەکان لە دژی ئێمە، وەک ئێعدام و ئەشکەنجە و بەندکرانی ئەندامان و پێشمەرمەگەکانمان، تێرۆری ڕێبەرانمان، مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات و تۆپ‌بارانی بنکە و بارەگانمان، سەرکوت و زەبروزەنگ و گوشارێکی زۆر کە لە نێوخۆی وڵات لەسەر ئێوە خەڵکی تێکۆشەڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چالاکانی مافی مرۆڤ و تێکۆشەرانی خەباتی مەدەنی و سیاسی و قانوونی هەیە؛ هەمووی ئەوانە نەیتوانیوە ئەو نەتەوەیە بەچۆک‌دا بێنێ. هەر دوو ساڵ پێش ئێستا و کاتێک ڕێبەرایەتیی پێشمەرگەکانی ئێوە، بە مووشک هێرشی کرایە سەر و، ئەو پەلامارە تێرۆریستییە بووە هۆی شەهیدبوونی پۆلێک لەو پێشمەرگانە لە ڕادەی ڕێبەری و کادر هەتا خوارەوە، ئێوە ئێمەتان تەنیا نەهێشتەوە، ئێوە چوار ڕۆژ دواتر بە مانگرتنە بەشکۆکەتان، بە ناڕەزایەتیی بەرین و بەربڵاوی خۆتان لەدژی کۆماری ئیسلامی، بە ئێمە و بە یار و نەیارتان گوت کە بەردەوام پشتیوانی خەبات و تێکۆشانی خۆتان و حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەکانی کوردستانن. ئێمە ئەو پەیامەمان وەرگرت، هەر ئەوەش وای کردووە لە خەبات و تێکۆشان و چالاکیی خۆمان، لە هەموو بوارێکی سیاسی، مەدەنی، پێشمەرگانە، تەشکیلاتی و دیپلۆماسی‌دا ڕانەوەستین. لەهەر شوێنێک بۆمان رەخسابێ، هەلمان بۆ هەڵکەوتبێ، نوێنەرێکی باشی دەنگ و ڕەنگ و ویست و داخوازەکانی ئێوە خەڵکی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووین. مادام ئێوە لەوێ و ئێمەی پێشمەرگە لە شاخ و بنکە و بارەگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ یەک ئەو خەباتە بەرینە پێش، دڵنیام سەرکەوتن و داهاتوو هی ئێمەیە. میللەتێک کە هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر هاتبێ و چۆکی دانەدابێ، بێگومان بە بەردەوامی لە خەباتی خۆی‌دا لە سەرکەوتن نیزیک دەبێتەوە. ئەوەی کە پێشمەرگە لە ئێران و لە کوردستانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی سیمبولی ئازادی، دێموکراسی و ماف‌پارێزییە، ئەوە دەگەڕێتەوە سەر سیاسەتە دروستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە پێشەواوە تا دەگاتە دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی و ڕێبەرانی زیندوو بناخەکەیان داناوە و، ئەوە بە ڕێزەوە لە ئاستی نێودەوڵەتی‌دا چاوی لێ دەکرێ. لە تەنیشت ئەوەش خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگەکان لەدژی جەریانی تێرۆریستیی  داعیش لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، توانیی شانازییەکی دیکەش بە ناوی پێشمەرگە زیاد بکا. پێشمەرگە لە هەموو شەڕ و ئاڵۆزی و بشێوییەک کە لە ناوچە دێتە پێشێ، لە هەر شوێنێک کە کوردستان و پرسی کورد بەشێک لە پرسەکەیە، بە شانازییەوە لە بەرەی ئینسانییەت، مافخوازی، بەرگری لە کوردایەتی، بەرگری لە دێموکراسی، بەرگری لە ماف لەدژی تێرۆریستان و لەدژی ئەوانەی کە ئەو مافانە پێشێل دەکەن ڕاوەستاون و ڕادەوەستن. ئەوەش بۆ خۆی شانازییەکی گەورەیە کاتێک لە شوێنەکانی جۆراوجۆری دونیا کە باسی پێشمەرگە دەکەن، زۆر زوو دەمانناسنەوە و دەڵێن ئەو پێشمەرگانە پێشمەرگەی کوردستانن و لەپێناو مافەکانی خۆیان خەباتیان کردووە و مێژوویەکی دوورودرێژیان لە تێکۆشان و قارەمانێتی‌دا هەیە. ئەو مێژووە، ئەو ناوە پڕ لە شانازییە حەفتاوپێنج ساڵ پێش ئێستا لە کوردستانی ئێران، لە مەهاباد، بە ڕێبەری پێشەوا قازی محەممەد دەستی پێ کرد. حیزبی دێموکراتی کوردستانیش ئەو شانازییەی پێ بڕا ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتری بکا و، جێی بخا. بۆ جارێکی دیکەش لەو ڕۆژە پیرۆزەدا پێرۆزبایی لە هەمووی ئێوە دەکەم و، هەروەها جێگای خۆیەتی بە هەمووی ئەو بنەماڵانەی کە ڕۆڵەیەکیان لەو پێناوەدا شەهید بووە، ئازیزانێکیان لە ڕیزی پێشمەرگایەتی‌دا شەهید بووە، بە شانازییەوە پێتان بڵێین ڕێگای شەهیدانی ئێوە بەردەوامە، بۆ؟ چوونکە کوردستان پێشمەرگەی لێ نابڕێ و هەتا بە مافەکانی خۆی دەگا، پێشمەرگە بەردەوام لە خەبات‌دایە. ڕۆژێک لە ڕۆژانیش کە بە مافەکانی خۆی گەیشت، کارنامەی پێشمەرگە لە داهاتووی مەیدانی سیاسیی ئێران پێمان دەڵێ پێشمەرگە هێزێکی بەرپرس و بەپڕستیژە بۆ ئەوەی بەشدار بێ لە ڕاگرتنی ئێرانێکی دێموکراتیک و بەرگری لە مافەکانی هەموو لایەک‌دا. بە هیوای ئەوە ڕۆژە، داهاتوو و سەرکەوتن هی ئێمەیە.