کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەیان کرێکاری کورد بوونە قوربانیی ڕووداوی کار

15:19 - 2 پووشپەڕ 2721

لە ماوەی بەهاری ئەمساڵدا دەیان کرێکاری کورد لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار. ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ماوەیەدا ناو و ناسناوی لانیکەم ١٥ کرێکاری کوردی ئاشکرا کردوە بەهۆی جۆراوجۆری وەک سووتان، بەربوونەوە لە بەرزایی و بڕق‌ گرتوویی گیانیان لە دەست داوە. ژمارەی قوربانییانی ڕووداوی کار لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوو(١٣٩٩)دا زیاتر لە ١٥٠ کەس بووە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و شوناسی ٧٦ کەس لەوانی تۆمار کردوە، ئەوە جیا لەو سەدان کەسەی بەهۆی ڕووداوی کار و لە نەبوونی ستانداردە ئەمنیەتییەکاندا بریندار و نقوستان بوون. لایەنێکی دیکەی ڕووداوەکانی کار لە کوردستان ئەوەیە کە بەشی زۆر و نیزیک بە تەواوی ئەو کرێکارانە بیمە نین و پاش ئەم ڕووداوانە هیچ قەرەبووکردنەوە و پێڕاگەیشتنێک خۆیان و بنەماڵەکانیان ناگرێتەوە.