کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی باڵای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران.

15:17 - 3 پووشپەڕ 2721

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٢ی ژوئەنی ٢٠٢١ی زایینی بە میوانداری کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆبوونەوەی هەر ٤ حیزبی بەشدار لە ناوەندی هاوکاری بەڕێوەچوو. سەرەتای کۆبوونەوەکە بەرێز عەبدوڵا موهتەدی، لێکدانەوەیەکی لەسەر هەڵبژاردنی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری و شۆراکان پێشکەش کرد کە تێیدا ئاماژەی سەرەکی خرابووە سەر بایکۆتی بەرینی هەڵبژاردنەکان لەلایەن جەماوەری خەڵک ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، دواتر بەشداربووانی هەر سێ لایەنەکەی دیکەی بەشدار لە ناوەندیش ڕا و بۆچوونی خۆیان لەو بارەوە باس کرد، بە گشتی ناوەندی هاوکاری سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ جارێکی دیکە ئاراستەی جەماوەری خەڵکی کوردستان کرد و هەڵوێستیانیان لەمەڕ بەهاناوە هاتنی بڕیاری ناوەند بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بەرز نرخاند. لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دوای خستنە بەر باسی ئەو گەڵاڵانەی کە ناوەندی هاوکاری لە مانگەکانی ڕابردوودا کاری لەسەر کردوون، بڕیار درا کە لانی زۆر تا ١ مانگی داهاتوو ئەم گەڵاڵانە تەواو بکرێن و بۆ پەسەند کردنی کۆتایی بێنەوە کۆبوونەوەیەکی باڵای ناوەندی هاوکاری. جێگەی ئاماژەیە کە لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسایەتی دەورەیی کۆمەڵەی شۆرشگێڕ کۆتایی پێهات و بەرپرسایەتی ناوەندی هاوکاری بۆ دەورەی داهاتوو ڕادەستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا.