کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی سپای پاسداران پێشیان بە بەڕێوەچوونی ڕۆژی “بۆزی سینا” گرت

16:10 - 5 پووشپەڕ 2721

چاونیوز: هێزەکانی سپای پاسداران بە داخستنی ڕێگای کوێستانی “بۆزی سینا” لە ناوچەی “مەرگەوەڕ” پێشیان بە بەڕێوەچوونی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی “بۆزی سینا” لەلایەن شاخەوانان و چالاکانی مەدەنی گرت. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی پێنج شەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠، بەپێی ئەو بەرنامەیەی کەلەلایەن شاخەوانان و چالاکانی مەدەنی ورمێ و شارەکانی دەوروپشتی داڕێژرابوو، بڕیار بوو لە کوێستانەکانی “مەرگەوەڕ”ی سەر بە باژێری ورمێ چالاکییەکی وەرزشی کلتووری بەڕێوە بچێ بەڵام هێزەکانی سپای پاسداران پێشیان پێ گرت. یەکێک لە بەشداربوانی ئەو بۆنەیە بە “چاونیوز”ی ڕاگەیاند: وێڕای ١٨ تیمی شاخەوانی، بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و ئۆگرانی سرووشت، بڕیار بوو بچینە کوێستانەکانی “بۆزی سینا” و یادی ئەو ڕۆژە کە بۆ ئێمەی کورد هێمای ڕەسەنایەتی، خۆڕاگری و بەرخودانە بەرز ڕابگرین، بەڵام دیتمان هێزەکانی سپای پاسداران ڕێگایان داخستبوو و بە دانانی بازرەسی نەیاندەهێشت هیچ کەس لێێ دەرباز بێ. ئەو شاخەوانە گوتی: زۆرمان هەوڵ دا کە بەرپرسانی سپا ڕازی بکەین بەڵام بێ سوود بوو و لە کۆتایی دا وەک چاوەڕوان دەکرا نەمانتوانی هەموومان پێکەوە یادی ئەو ڕۆژە لە کات و ساتی خۆیدا بەرز ڕابگرین. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن بەشێک لە شاخەوانان، چالاکانی مەدەنی و ئۆگرانی سرووشت یەکەم هەینی پووشپەڕی هەموو ساڵیك وەک ڕۆژی بەرز ڕاگرتنی چیای “بۆزی سینا” ناسراوە.