کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریی ڕێژیم لە بەڕێوەچوونی ڕۆژی “بووزی سینا” لە ورمێ

16:37 - 5 پووشپەڕ 2721

هێزەکانی سپای پاسداران بە داخستنی ڕێگای کوێستانی “بووزی سینا” لە ناوچەی “مەرگەوەڕ” پێشیان بە بەڕێوەچوونی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی “بووزی سینا” لەلایەن شاخەوانان و چالاکانی مەدەنییەوە گرت. بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز)، ڕۆژی پێنج شەممە ٣ی پووشپەڕی١٤٠٠ی هەتاوی، بەپێی ئەو بەرنامەیەی کەلەلایەن شاخەوانان و چالاکانی مەدەنیی ورمێ و شارەکانی دەوروپشتی داڕێژرابوو، بڕیار بوو لە کوێستانەکانی “مەرگەوەڕ”ی سەر بە باژێڕی ورمێ چالاکییەکی وەرزشی - کلتووری بەڕێوە بچێ بەڵام هێزەکانی سپای پاسداران پێشیان پێگرت. ١٨ تیمی شاخەوانی، بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و ئۆگرانی سرووشت، بڕیار بوو بچنە کوێستانەکانی “بووزی سینا” و یادی ئەو ڕۆژە کە بۆ ئێمەی کورد هێمای ڕەسەنایەتی، خۆڕاگری و بەرخودانە بەرز ڕابگرن، بەڵام هێزەکانی سپای پاسداران ڕێگایان داخستبوو و نەیانهێشت هیچ کەس دەرباز بێ. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن بەشێک لە شاخەوانان، چالاکانی مەدەنی و ئۆگرانی سرووشت یەکەم هەینی پووشپەڕی هەموو ساڵیك وەک ڕۆژی بەرز ڕاگرتنی چیای “بووزی سینا” ناسراوە.