کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی کۆتایی خوولی" تۆپی پێ و والیباڵ" ی لاوانی ڕۆژهەڵات

15:29 - 8 پووشپەڕ 2721

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕێوڕەسمی کۆتایی خولی تۆپی پێ و ، هەروەها والیباڵ ی لاوانی ڕۆژهەڵات لە قەڵای دێموکرات بەبەشداری بەرپرسانی حیزبی دێموکرات و هەروەها ئەندامانی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرێوەچوو. سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ساتێک بێدەنگی وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان بە تایبەت شەهیدانی کیمیا بارانی شاری سەردەشت دەستیپێکرد، پاشان ڕاپۆرتی شێوەی بەڕێوەچوونی یارییەکان و ڕیزبەندی تیمە سەرکەوتووەکان و هەروەها تیمی هەڵبژێردراوی خاوەن گیانی وەرزشی، لەلایەن خاتوو سۆلاڤ قادری بۆ بەشداربوان خوێندرانەوە، پاشان خەڵاتی تیمەکان لە لایەن بەرپرسانی حیزبی دێموکرات و هەروەها یەکیەتیی لاوان پێشکەش کران. لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا لەوحی ڕێزلێنانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش بە بەڕێز شەهرام حوسێنی ناوبژیوانی یارییەکان کرا. لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا چەند وتەیەک لەلایەن پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان پێشکەشی بەشداربوان کرا، پێشەوا عەلی پوور لە قسەکانیدا وێڕای سپاس لە هاوکاری سەرجەم ئۆرگانەکانی حیزبی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی ئەم خولانە، پەروەردەی سیاسی و نەتەوەیی بە یەکێک لە ئەرکەکانی یەکیەتیی لاوان ئەژمار کرد و هەروەها چالاکی فەرهەنگی و وەرزشیش، بۆ پەرەپێدان بەڕوحی تێکۆشان لاوانی بە گرنگ و پێویست وەسف کرد و بەڵێنی بەردەوامیی ئەو چەشنە چالاکییانەی بە لاوانی ڕۆژهەڵات دا. پێشەوا عەلی پوور هەروەها ئاماژەی بە بەشداری لاوانی هەردوولای دێموکرات کرد لەم خولانەدا و، ئەمەی بە خاڵێکی بەهێزی خوولەکە وەسف کرد و گوتی "ئیتڕ لاوانی دێموکرات دەبێ وزە و پتانسیەلی خۆیان وەسەریەک بخەنەوە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی دووژمی هاوبەش کە کۆماری ئیسلامییە" پێشەوا عەلی پوور لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە بەشداری یەکیەتیی لاوان لە کۆنگرەی جیهانی لاوانی سوسیالیستدا کرد و پەسەند کرانی بڕیارنامەی لاوان دژی کۆماری ئیسلامی، بە دەسکەوت بۆ بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات بە پێشەنگایەتی لاوان ناوزەد کرد.