کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمارکردنی سکاڵای ۵ بەندکراوی سیاسیی سنە دژی ئەشکەنجەی سپی: شەپۆلی سکاڵا دژی گرتووخانەی تاکەکەسی بەردەوامە

15:32 - 9 پووشپەڕ 2721

لە درێژەی سکاڵای چالاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی که ئەزموونی بەندکران و ڕاگرتن لە گرتووخانەی تاکەکەسیان هەبووە، ۵ بەندکراوی بیروڕا و سیاسیی لە بەندیخانەی سنە سکاڵایان لە دژی «ئەشکەنجەی سپی» تۆمار کرد. مەحموود سادقی، حەیدەر قوربانی، حوسێن کەمانگەر، ئەکبەر گەوێلی و حەبیب لەتیفی بەندکراوانی سیاسیی سنە، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی پاڵپشتی لە قوربانیانی ئەشکەنجە سکاڵایان دژی بەڕێوەبەر و کاربەدەستانی بەندکرانیان لەگرتووخانەی تاکەکەسی لە نووسینگەی بەندیخانەکەدا تۆمار کرد. پێشتریش ۱۷ کەس لە بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەی ئێڤین و ڕەجایی‌شەهر سکاڵایان تۆمار کردبوو. شەپۆلی سکاڵا دژی گرتووخانەی تاکەکەسی لە مانگی ڕەشەممەی ڕابردوو دەستی پێ کرد که نەرگس محەممەدی وتەبێژی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و گرووپێک لە بەندکراوانی پێشوو بە تۆمارکردنی سکاڵا بۆ ناوندە یاساییەکان، داوایان کردبوو کە کاربەدەستان و فەرماندەران و جێبەجێکارانی حوکمی دەسبەسەری و ڕاگرتنیان لە گرتووخانەی تاکەکەسی سزا بدرێن.