کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی جێژنی قوربان

14:06 - 28 پووشپەڕ 2721

بەبۆنەی هاتنەوەی جێژنی قوربان، جێژنی گەورە و پیرۆزی موسوڵمانان بە ناوی خۆم و هاوسەنگەرانم لە حیزبی دێموکراتی کوردستان پیرۆزبایی بە هەمووان، بە تایبەتی موسوڵمانانی کوردستان دەڵێم. دەخوازم کە ڕۆژانی جێژن بۆ هەموو لایەک پڕ خێروخۆشی بێت. جێژنی قوربان لە کاتێکدا دەبێتەوە میوانی خەڵکی کوردستان، کە بەداخەوە ڕەوشی ژیان و گوزەران و مافەکانی خەڵک لە سایەسەری حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نەک باش نییە، بەڵکوو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خراپتریش دەبێ. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێران، هەم لە مافە سیاسی و مەدەنی و نەتەوایەتییەکانیان بێبەشن، هەم سیاسەتی سەرکوت، گرتن و بەربەست ‌دروست‌کردن لەبەردەم چالاکییە فەرهەنگی و ڕێکخراوەییەکان بەتوندی درێژەی هەیە. لە تەنیشت گرانی، بێکاری و هەڵئاواسانی ئابوورییش کە تەنگیان بە خەڵک هەڵچنیوە؛ لەو ڕۆژانەدا کێشەی کۆرۆنا، کەم‌ئاوی و بێ‌بەڕقییش کە ڕێژیم لە چارەسەرکردنیان دەستەوەستانە، هیندەی دیکە باری ژیان و گوزەرانی خەڵکی تووشی کێشە و ئاستەنگ کردووە. ڕوون و ئاشکرایە کە سەرچاوەی هەموو قەیران و نەهامەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێران و هۆی سەرەکیی زەوت‌‌کرانی هەموو مافە مەدەنی و مرۆییەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتە و؛ هەتا ئەم ڕێژیمەش لەسەر کار بێ، بارودۆخی ماف و ئازادییەکان و ڕەوشی ژیانی خەڵک لەو وڵاتە لە بەرژەوەندیی ئەوان گۆڕانی بەسەردا نایەت. بۆیە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی دەبێ شێلگیرتر لە جاران درێژەی هەبێ و سەرکەوتن لەو خەباتەش هاوڕیزی و یەکگرتوویی هەموو چین و توێژەکانی لە ئێران و کوردستان پێویستە. جارێکی دیکەش لەلایەن خۆم و هاوسەنگەرانم لە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پیرۆزبایی هاتنەوەی جێژنی قوربانتان لێ دەکەم و هیوای بەختەوەری و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. هیوادارم ئەم جێژنە، ڕۆژانی خۆش و هیوابەخشی بەدوادا بێ و یەکدڵی و خۆشەویستیی زیاتر لەگەڵ خۆی بەدیاری بێنێ. خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی