کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ تیرۆری بەرپرسێکی کۆمیتەی حێزبی دێموکرات کوردستان لە "قەڵادزێ" پووچەڵ کرایەوە

15:11 - 23 گەلاوێژ 2721

لەدڕێژەی پیڵانە ڕەش وتێروریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر تێرۆرکردنی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات، هەوڵێکی تێرۆریستیی لە شاری قەڵادزێ بێ ئاکام مایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان چاونیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، کەسێکی گومانلێکراو بە جلوبەرگی"سواڵکەر" دەچێتە ماڵی "دارا بەیگزادە" بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە شاری "قەڵادزێ" و لە هاوژینەکەی پرسی دارا بەیگزادەی کردووە و ویستوویەتی چاوی پێ بکەوێ. لەم بارەیەوە هاوژینی "دارا بێگ زادە" لە قەڵادزێ ڕایگەیاندووە کە یەکەمجار بەیانی پێنجشەممە و بۆ جاری دووهەم دیسان ئێوارەکەی گەڕاوەتەوە و لە مێردەکەمی پرسیوە بەڵام بە هۆی ئەوەی "دارا" بۆ کاری ڕۆژانە لەماڵ نەبووە، ڕێک نەکەوتووە بیبینێت. هاوژینی "دارا بەیگزادە" لەدرێژەدا گوتی: کاتێک بۆ جاری دووهەم گەڕایەوە بۆ ماڵەکەمان و دەمووچاوی گرتبوو گومانم لێکرد و بە دوایدا چووم بینیم بە ڕواڵەت "سواڵکەرەکە" بە ماشینێکی جام ڕەش خێرا ئەو شوێنەیان جێهێشت. بەرپرسانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەم ڕووداوەیان بۆ "ئاسایش"ی قەڵادزێ و هێزی "دژە تیرۆر" ی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرت کردووە و ئێستا ماڵی "دارا بەیگزادە" لە ژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستاندایە. جێگای ئاماژەیە کە، ڕۆژی پێنجشەمە ١٤ی گەلاوێژ، کاک“مووسا باباخانی” ئەندامی ڕێبەریی حێزبی دێموکراتی کوردستان لە هۆتێلێکی شاری هەولێر، بەدەستی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر کرا.