کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کرماشان بۆ سەر بنەماڵەی مووسا باباخانی

15:13 - 23 گەلاوێژ 2721

پاش یەک حەوتوو لە تێرۆری کاک "مووسا باباخانی" ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر، ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی کرماشان و کامیاران وێڕای پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی، بنەماڵەی ناوبراویان ناچار کردووە کە بەڵێننامەیەکی نووسراوە واژۆ بکەن. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان چوونەتە گوندی “کۆڵان”ی ناوچەی ئاژوان و وێڕای هەڕەشە کردن لە بنەماڵەی کاک "حەمزە باباخانی" برای شەهید" مووسا باباخانی"، ناوبراویان ناچار کردووە کە بەڵێننامەیەکی نووسراوە واژۆ بکات کە تێیدا هاتووە پاش کوژرانی مووسا هەر کەسێک لەم ناوچەیە بکوژرێت یان بکرێتە ئامانج بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆی ئێمەدایە. یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی باباخانی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێت وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم زانیاریانە وتی: “ لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری کامیاران هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵ برایەکی دیکەی شەهید" مووسا" بە ناوی ئەحمەد باباخانی و پێشیان لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی ناوبراو گرتووە. جێگای ئامەژەیە کە هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران پاش تێرۆرکردنی شەهید" مووسا باباخانی" ئیزنیان نەداوە کە هیچ یەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بە مەبەستی بەشداری لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی شەهید مووسا باباخانی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و هەروەها ئیزنیان نەداوە نە لە کرماشان و نە لە کامیاران ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی بەڕێوەبەرن و لەوبارەوە هەڕەشەیان لێکراوە. ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە پاش شەهیدبوونیشی هێشتا یاد و ناوی کاک مووسای شەهید پڕە لە ترس و دڵەڕاوکێ بۆ کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوەکانی.