کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید نارین هونەرمەندی سەقزی سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

15:17 - 23 گەلاوێژ 2721

هونەرمەندێکی خەڵکی سەقز لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا. بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، خالید کەریم نیا ناسراو بە خالید نارین هونەرمەندی خەڵکی سەقز لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی سزای ٧ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ئەم سزایە بە تۆمەتی چالاکی تەبلیغیی دژی حکوومەت لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە سەر ناوبراودا سەپاوە و ٢٠ ڕۆژ مۆڵەتی هەیە هەتا لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە تانە لەو بڕیارە بدا. خالید نارین هونەرمەندی خەڵکی سەقز سەرەتای بەهاری ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر و پاشان بە بارمتە ئازاد کرابوو. ناوبراو لەکاتی دەسبەسەر کران ئەشکەنجە کراوە.