کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چرۆ ئەحمەدی، مامۆستای زمانی کوردی لە دیواندەرە دەسبەسەر کرا

15:00 - 26 گەلاوێژ 2721

یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی لە شاری دیواندەرە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. بەپێی هەواڵی ناوندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان( چاونیوز)، نیوەرۆی ڕۆژی دووشەممە ۲۵ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دیواندەرە، چرۆ ئەحمەدی، چالاکی مەدەنی و یەکێک لە مامۆستایانی زمانی کوردییان لە ماڵی باوکی دەسبەسەر کرد و گواستیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لانی کەم شەش کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و جیا لە دەسبەسەرکردنی چرۆ ئەحمەدی، ناوماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر مۆبایل و کتێب و کەلوپەلی دیکەی ناوبراودا گرتووە. تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆکاری دەسبەسەر کرانی چرۆ ئەحمەدی و ئەو تۆمەتانەی لە لایەن دەزگا ئیتلاعاتییەکانەوە ڕووبەڕووی کراونەتەوە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە. چرۆ ئەحمەدی تەمەن ٣٠ ساڵە، خەڵکی دیواندەرە و دانیشتووی سنەیە و یەکێکە لە مامۆستایانی زمانی کوردییە کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە ئەنجومەنی فەرهەنگی و ئەدەبیی زاگرۆس خەریکی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی بوو. ئەم چالاکە کوردە خاوەن یڕوانامەی لیسانسی ئەندازیاری شیمییە و ئێستا خوێندکاری بەشی ڕۆژنامەنووسی زانکۆی پەیامی نووری سنەیە.