کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووسی: دۆخی ئێستای دۆسییەی ناوکیی ئێران نالەبارە

11:55 - 19 بانەمەڕ 2724

ڕافائیل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ ئێران ڕایگەیاند، هەرچەندە تا ئێستا هیچ مۆڵەتێک بە کۆماری ئیسلامی بۆ چارەسەرکردنی پرسی ناوکی نەدراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ڕێژیمی ئێران بە زووترین کات بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکان لەم بارەیەوە ڕێوشوێنی تایبەت بگرێتە بەر.

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕ، ڕافائیل گرووسی لە ڤییەنی پێتەختی ئوتریش، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە لە سەفەر بۆ ئێران دوو ئامانجی بووە کە بریتین لە: دەستپێکردنەوەی دانوستانی جیددی لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و خستنەڕووی هێندێک پێشنیاری تایبەت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی پێشوو.

لە درێژەدا گرووسی زیادی کرد کە هێندێک بابەتی گرینگ وەک پیتاندنی ئۆرانیۆم، دەستپێڕاگەیشتن بە هێندێک لە دامەزراوە ناوکییەکان و کردەوەی تاران سەبارەت بە دەرکردنی ژمارەیەک لە پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تاوتوێ کردووە.

ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی مۆڵەتی چالاکیی کۆمەڵێک لە پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیی لە ئێران هەڵوەشاندەوە.

گرووسی لە ئاماژە بە وردەکاریی وتوویژەکانی خۆی لە ئێران خۆی بوارد و تەنیا ئاماژەی بەوە کرد کە داوای لە تاران کردووە هێندێک ڕێوشوێنی خۆبەخشانە بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی بەرنامە ناوکییەکەی بگرێتە بەر.

ناوبراو بارودۆخی ئێستای سەبارەت بە پرسی ناوکیی کۆماری ئیسلامی بە "سەخت و نالەبار" ناو برد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە زووترین کاتدا لەم بنبەستە بێنە دەرەوە.

گرووسی باسی لەوەش کردووە کە بە ڕوونی بە دەسەڵاتدارانی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە ئەم دۆخە ناتوانێت بۆ هەمیشە بەردەوام بێت.