کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەنیا کلینیکی نەخۆشیی شەکرە لە کرماشان پسپۆڕی خۆراکی نییە

11:53 - 19 بانەمەڕ 2724

بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی شەکرەی کرماشان وتی: کلینیکی نەخۆشیی شەکرەی کرماشان سەرەڕای داواکاریی زۆر لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگاکە، پسپۆڕی خۆراکی نییە.

سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی نەخۆشیی شەکرەی کرماشان ڕایگەیاند کە لەم کلینیکەدا پزیشکی پسپۆڕ و پزیشکی گشتی هەیە بەڵام پسپۆرێکی خۆراکی لە کلینیکەکەدا دەبێت ئامادە بێت بۆ ئەوەی ئامۆژگاری پێشکەش بە نەخۆشەکان بکات، بەڵام هەرچەندە بۆ ماوەی ٦ مانگە کە ئەم داواکارییە پێشکەش کراوە بەڵام ئەم کلینیکە هێشتا پسپۆڕی خۆراکی نییە.

لەلایەکی دیکەوە مێهرعەلی ڕەحیمی بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی شەکرەی کرماشان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی تەسنیم سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە وڵامی ئەو ڕەخنانەی کە سەبارەت بە دانانی کاتەکانی چاوپێکەوتن لە کلینیکی نەخۆشیی شەکرە لە کرماشان ورووژێنراون، ئیدعای کرد کە کێشەی دانانی کاتەکانی چاوپێکەوتن لە کلینیکی نەخۆشیی شەکرە پەیوەندیی بەو کلینیکەوە نییە، بەڵام نەخۆشەکان پێیان خۆشە تەنها لەلایەن پزیشکێکی دیاریکراوەوە ببینرێن کە ناتوانرێت چاوپێکەوتن بۆ هەموو نەخۆشەکان بۆ یەک پزیشک دیاری بکرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی تەسنیم ئاماژەی بەوەش کردووە کە خەڵکێکی زۆر ڕەخنە و گلەیی ئەوەیان هەیە کە ماوەیەکی زۆرە ناتوانن نۆرەی چاوپێکەوتنی پزیشکی پسپۆڕی شەکرە لە کرماشان وەرگرن و ئەوە بووەتە کێشە و هەڕەشەیەک بۆ سەر تەندرووستیی نەخۆشەکان.

بەرپرسانی پێوەندیدار بەو بابەتە لە کات و شوێنی تایبەت دەنگ و داواکاریی خۆیان ناگەیێنن و بە پەردەپۆشکردنی کێشەکان بەربەست بۆ ژیانی خەڵک دروست دەکەن.