کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی ئەمریکا و کوردەکانی ڕۆژاوا لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی تورکیە

16:27 - 7 خەرمانان 2721

ئەمریکا و کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان، نیگەرانیی خۆیان لەهەمبەر ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی تورکیە دەربڕی. کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان، نیگەرانیی خۆیان لە زیاتربوونی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی تورکیە بۆسەر باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان ڕاگەیاند و هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایش داوای پابەندبوون بە ئاگربەست لە ناوچەکەدا دەکا. بەپێی هەواڵدەرییەکانی سووریە، ئەرتەشی تورکیە ماوەی چەند ڕۆژە بە کەڵک‌وەرگرتن لە درۆن ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە کردووەتە ئامانج. ئەو هێرشانە لەو ناوچانە کراون کە پێشتر ڕووسیە و ئەمریکا پاش هێرشەکانی تورکیە بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک، لە ئاکتەوبری ٢٠١٩ لەگەڵ ئەنکارا گەیشتبوونە ڕێککەوتنی ئاگربەست. یەک لە وتەبێژانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر نیگەرانە لەبارەی ئەو هەواڵانەی کە باس لە هەڵمەتی سەربازیی تورکیە لە سووریە دەکەن. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا پشتگیری دەکات لەو ئاگربەستەی ئێستا لەنێوان لایەنەکاندا کراوە. هەروەها شەڕوان دەروێش، وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازیی شاری مەنبج کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکراتیکن، باس لە تۆخبوونی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی تورکیە دەکات بۆسەر شارەکانی کۆبانی، تەل تەمەر و قامیشلۆ. ناوبراو بە دەنگی ئەمریکای وتووە دۆخی ئێستا بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەربڵاوی تورکیە لەم ناوچەیەدا گونجاو نییە، هەر بۆیە تورکیە دەستی کردووە بە بۆردوومانی ئاسمانی و بەکارهێنانی درۆنی سەربازیی.