کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ژنێکی نیشتمانپەروەر و خوشکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە ئاوایی تەنگیسەر

14:25 - 8 خەرمانان 2721

دایە زڵێخا نەسری خوشکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئاوایی تەنگیسەر لە تەمەنی ۷۷ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد. بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان چەند ڕۆژ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ۳ی خەرمانانی ۱٤۰۰ی هەتاوی،دایە زڵێخا نەسری، خوشکی شەهید بەختیار نەسری و دایکی جوانەمەرگ، محەممەدحەسەن مرادی،لە تەمەنی ۷۷ ساڵیدا لە گوندی نیشتمانپەروەری تەنگیسەر، سەربە شاری سنە، ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە پڕ لە هیوا و ئاوتەکەی لە لێدان کەوت. دایە زڵێخا یەکێک لەو ژنە شۆڕشگێڕ و بەجەرگ و نیشتمانپەروەرانەی گوندی تەنگیسەر بوو کە هەموو تەمەنی بە هیوای ڕزگاریی نەتەوە و نیشتمانەکەی بوو و هەر بەو ئاواتەوە سەری نایەوە. دایە زڵێخا وەکوو ژنێکی شۆڕشگێڕ و ژیر و وریا بەردەوام پاڵپشت و جێگای متمانەی ڕۆڵەکانی دێموکرات و ڕێبوارانی ڕێگای ڕزگاری نەتەوەکەی بووە کە لەزۆر بارودۆخدا گیانی خۆی و بنەماڵەکەشی خستۆتە مەترسییەوە بۆ ئەوەیکە خزمەتێک بە گەل و نیشتمانەکەی بکا یان پەیامێک بە پێشمەرگەکانی حیزب بگەیەنێ. دایە زڵێخا بە بیر و باوەڕێکی پۆڵایین و کوردانەوە ژیاوە و سەدانجاریش گوتوویە کە تەنیا ئاواتم ڕزگاری کوردستانە و ئەگەریش دوای مردنی من کوردستان ڕزگار بوو ئەوا بێنە سەرگۆڕەکەم و پێم بڵێن کە نیشتمانەکەم لە دەستی داگیرکەران ڕزگاری بووە و ئاواتم بێننە دی. لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای بەداخبوونمان بۆ کۆچی دوایی دایە زڵێخا، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی ناوبراو و خزم و کەسوکاریان و هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری تەنگیسەر دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین