کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەند کامران مەتەری ماڵاوایی لە ژیان کرد

00:30 - 12 خەرمانان 2721

کامران مەتەری، هونەرمەندی گۆرانیبێژ و بێژەری دێرینی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی مەهاباد بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنج‌شەممە ١١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، هونەرمەند کامران مەتەری لە تەمەنی ٧۶ ساڵیدا و بەهۆی تووش بوون بە پەتای کۆرۆنا، لە شاری مەهاباد دڵی لە لێدان کەوت و کۆچی‌دوایی کرد. هونەرمەند کامران مەتەری، کەسایەتییەکی نیشتمانپەرور و هونەرمەندێکی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو کە لە ڕێگای ئاواز و گۆرانییەوە خزمەتی بە گەل و نیشتمانەکانی دەکرد. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەنەرمەند کامران مەتەری و خەڵکی شاری مەهاباد و سەرجەم هونەرمەندانی کوردستان و ئەویندارانی دەنگی کاک کامران دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.