کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٣٤ کۆڵبەر لە کوردستان کوژراون و بریندار بوون

13:28 - 3 رەزبەر 2721

لە ماوەی سێ مانگی هاویندا ٨١ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی پەرەنەسەندنی کوردستان لە ڕووی ئابووری‌ و، ڕەفتاری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. لەو 81 کۆڵبەرە ٢٢ کەسیان کوژراون و ٥٩ کۆڵبەریش بریندار بوون. کوژران و برینداربوونی ٨١ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ لە حاڵێکدایە کە لە وەرزی بەهاری ئەمساڵیشدا ٥٣ کۆڵبەری کورد کەوتبوونە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ١٥ کەسیان کوژرابوون و ٣٨ کۆڵبەریش بریندار ببوون. بەوپێیە ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم ١٣٤ کەس بووە کە ٣٧ کەسیان کوژراون و ٩٧ کۆڵبەر و کاسبکاریش بریندار بوون. هەروەها هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا بە تەقەی سەرەڕۆیانە ناوچەکانی ماکۆ، سنە و کرماشان گیانیان لە سێ هاووڵاتیی کورد ئەستاندووە و لە نەوسوودیش کچێکی تەمەن ٤ ساڵ بە ناوی "هایا" کچی "پێژمان" بەر فیشەکی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کەوتووە. جێی بیرهێنانەیەوەیە لە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)یشدا ٢٢٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دا و بریندار ببوون. لەو ٢٢٦ قوربانییەی ساڵی ڕابردووی هەتاوی ٨٠ کەسیان کوژرابوون و هەروەها ١٤٦ کەسیش بریندار ببوون.