کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەهار و هاوینی ئەمساڵدا ٢٩٣ کەس لە کوردستان گیراون

13:32 - 3 رەزبەر 2721

لە بەهار و هاوینی ئەمساڵدا ٢٩٣ کەس لە کوردستان گیراون و ٥٧ کەس لەوان دادگایی و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە، هەروەها ٤ بەندکراوی سیاسیش لە گرتنگەی ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست‌داوە. بەپێێ ڕاپۆرتی چاونیوز لە سێ مانگی هاوینی ئەمساڵدا دا لانیکەم ١٦٧ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ٢٩ کەس لەوان حوکمی ٤ مانگ تا ١٠ ساڵ (سەرجەم ٧٩٤ مانگ- ٦٦ ساڵ و ٢ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها ٤ بەندکراوی سیاسیش لە گرتنگەی ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست‌داوە. ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە سێ مانگی بەهاریشدا لانیکەم ١٢٦ کەسیان لە کوردستان بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی لەدژی ڕێژیم گرتبوو کە ٢٨ کەس لەوان دادگایی و سزای ٢٤٦ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپابوو. بەو پێیە ئاماری ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعات لە کوردستان گرتوونی ٢٩٣ کەس بووە کە ٥٧ کەس لەوان سزای زیندانیان بۆ بڕدراوەتەوە. هەروەها لە سێ مانگی بەهاردا ٤ بەندکراویش لە زیندانەکاندا بەهۆی ئەشکەنجە و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لەدەست‌ دابوو و بەوەش ژمارەی ئەو بەندکراوانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە زیندان یان لە گرتنگەی ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون لانیکەم ٨ کەس بووە. جێی بیرهێنانەوەیە کە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)یش لانیکەم ٦٤٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو ٦٤٠ کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم ١٨٩ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ تا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ زیندان (سەرجەم ٨٨٢٥ مانگ) و تەنانەت سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو.