کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەیاندنی نامەی نوێنەرانی ناوەندی هاوکاری بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆروێژ

13:35 - 3 رەزبەر 2721

لە درێژەی چالاکییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە نۆڕوێژ و خۆپیشاندانی ڕێکەوتی ١٧ی سپتامبری ٢٠٢١، بۆ گەیاندنی نامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی٢٣ی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی، كاتژمێر ١١ی بەیانی بەڕێزان " ئیسماعیل عەلیپور" ، "فرووغ ڕەسووڵپوور" بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەکانی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆروێژیان لە "ئۆسڵۆ" کرد و چاویان بە بەرپرسی مەلەفی مافی مرۆڤ "ئاننە کاری ویگدیس شێلسێت" لە ئێران و عێراق کەوت. لەو چاوپێکەوتنەدا وێڕای تەحویلدانی ڕاگەیاندراوی ناوەندی ھاوکاری کە وەرگێڕدرابوو بۆ سەر زمانی نۆروێژی، باس لە پێشێلكردن مافی مرۆڤ و بەتایبەتی كەمینە نەتەوەییەکانی دیكەی ئێران كرا و ھاوکات باسی هێرشی ناڕەوای ئێران بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان و بنکەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەنێو خاکی عێراق کرا و لەو بارەوە بەرچاوڕوونی پێویست خرایە ڕوو. جێگای ئاماژەیە لەلایەن نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی نۆڕوێژ زۆر بە گەرمی پێشوازی لە نوێنەرانی ناوەندی ھاوکاری کرا و هەروەها پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ دانی ئەو زانیارییانە و بەڵێنیشیان دا كە ئەو پەیامانە بگەیەنن بە شوێنی مەبەست و پێوەندیدار.