کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان‌لەدەستدانی ٣١ کرێکاری کورد لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ‌دا

13:49 - 3 رەزبەر 2721

لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ‌دا ٣١کرێکاری کورد بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە. بەپێی ڕاپۆرتی "چاونیوز" لە ماوەی هاوینی ئەمساڵدا دەیان کرێکاری کورد لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار. ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ماوەیەدا ناو و ناسناوی لانیکەم ١٦ کرێکاری کوردی ئاشکرا کردوە بەهۆی جۆراوجۆری وەک سووتان، بەربوونەوە لە بەرزایی و بڕق‌ گرتوویی گیانیان لە دەست داوە. لە وەرزی بەهاریشدا "چاونیوز" ناو و ناسناوی ١٥ کرێکاری گیان‌بەخت‌کردوو بەهۆی ڕووداوی کاری ڕاگەیاندبوو، بەو پێیە لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەوساڵدا لانیکەم ٣١ کرێکاری کورد بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە بە هۆی ئەوەی بەشی هەرە زۆری کرێکاران لە کوردستان کرێکاری وەرزی و هەروەها بیمەنەکراون و هیچ ناوەندێکی یاسایی چاودێرییان ناکا، کەمتر هەواڵی گیان‌لەدەستدان و برینداربوونیان مێدیایی دەکرێ. ئەگینا هەر بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەریی پزیشکیی یاسایی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە؛ لە سەرەتای ٤ مانگی ئەمساڵدا، لەو پارێزگایە، ١٥٩ کرێکار تووشی ڕووداوی کار بوون. ژمارەی قوربانییانی ڕووداوی کار لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)شدا زیاتر لە ١٥٠ کەس بووە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و شوناسی ٧٦ کەس لەوانی تۆمار کردوە، ئەوە جیا لەو سەدان کەسەی بەهۆی ڕووداوی کار و لە نەبوونی ستانداردە ئەمنیەتییەکاندا بریندار و نقوستان بوون.