کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری ھاوڕێ "سەلاح پوورئەسەد" بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ "گراھام پیریت"

13:53 - 3 رەزبەر 2721

ڕۆژی ھەینی ڕێکەوتی ٢٤ی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی، کاتژمێر ٩ی بەیانی ھاوڕێ "سەلاح پوورئەسەد" بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گەڵ "گراھام پیریت" نوێنەری پارلەمانی فیدراڵی ئوسترالیا و سەرۆکی لێژنەی مافی مروڤی پارلەمان کۆ بۆوە. لەو کۆبوونەوەیەدا سەرەتا ھاوڕێ "سەلاح پورئەسەد" سوپاسی "گراھام پیریت"ی کرد کە بەردەوام دەنگی زوڵم و سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژی گەلی کوردی لە ئێراندا بە گوێی بەرپرسانی حکومەتی ئوسترالیا گەیاندووە و وڵامی وەرگرتۆتەوە. پاشان ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لەسەر ھەڕەشەکانی ئەو دواییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بە کردەوەیی‌کردنی بۆردوومان و تۆپبارانی حیزبە کوردییەکانی دژبەر لەو دیوی سنووری وڵاتەکەی و ھەروەھا لە دوو حەوتووی ڕابردووشدا زەرەر و زیانێکی زۆری بە خەڵکی گوندنشەکان گەیاندووە و لەو ڕۆژانەشدا دیسان ھەڕشەی توندتری دژی پارت و ھێزە سیاسییەکانی دژبەری خۆی دەست پێکردووە، بۆیە داوا لە دەوڵەتی ئوسترالیا دەکەین کە بەپێی ئیمکان پێشی کارەساتی مرۆیی بگرێت کە لە ئەگەری ھێرشی نیزامیدا دەکرێتە سەر دژبەرانی سیاسی و ھەڵسوڕاوانی ھێز و لایەنە تێکۆشەرەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان. "گراھام پیریت" وێڕای مەحکووم‌کردنی کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی بەڵینی دا، وەک ڕابردوو ئەو پەیامە بە دەوڵەتی ئوسترالیا بگەیەنێت و ھەوڵیش بدا پشتیوانی زیاتر بۆ گەلی کورد پەیدا بکا و داوای کرد کە پێویستە زوو بە زوو لە پێشھاتەکانی ناوچەکە زانیاری پێ بدرێت.