کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی ئەندامێکی چالاکی تەشکیلاتی نهێنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری شنۆ

18:28 - 5 رەزبەر 2721

ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی شنۆ بە ناوی "ڕەئووف ڕەحمەت‌پوور" لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەوی یەک‌شەممە لەسەر دووشەممە رێکەوتی ٤ لەسەر ٥ـی ڕەزبەری ۱٤۰۰ ـی هەتاوی ئەندامی بەوەج و چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک "ڕەئووف ڕەحمەت‌پوور" ناسراو بە "ڕەئووف بابۆڵی" بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە جاددەی شنۆ - پیرانشار لە نزیک گوندی پووشاوێ، دڵە پڕ لە هیواکەی بۆ ئازادی و ڕزگاریی نیشتمان بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد. کاک ڕەئووف بابۆڵی کە بە نازناوی "فەرماندە" وێردی سەر زاری کۆمەڵانی خەڵک لە ناوچەی شنۆ بوو، لە ساڵی ۱۳۸٦ـی هەتاوی لە ڕێگای کادرەکانی تەشکیلاتی شاری شنۆ، پێوەندی بە تەشکیلاتی نهێنی حیزبەوە دەگرێت و دوای ماوەیەک مانەوە لەژێرچاوەدێری هاوڕێیانی کادری تەشکیلات، بە شێوەی سازماندراو دەبێ بە ئەندامی تەشکیلاتی نهێنی و ئەرکی حیزبی بۆ دیاری دەکرێت. هاوڕێ کاک رئووف بابۆڵی ڕۆڵی زۆر دیار و بەرچاوی هەبوو لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری لەسەر بارودۆخی ناوچەی شنۆ و جموجۆڵەکانی رێژیم لە شاری شنۆ و دەوروبەری بە بەشی تەشکیلاتی نهێنی حیزب؛ هەر ئەرکێک کە حیزب بۆ کاک رئووفی دیاری کردبا بە باشترین شێوە بەجێی دەهێنا و بە حەق ئەندامێکی چالاک وهەڵسووڕ و بەوەفا بوو بۆ حیزب و میللەتەکەی و هاوکاتیش بە کەسێکی قسەخۆش و ڕووح‌سووک و دەم بەپێکەنین ناسرابوو و جێی متمانەی خەڵکی شاری شنۆ و دەوروبەری بوو. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی کاک ڕەئووف و هەموو هاوڕێ و ناسیاوانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرجەم ئەندامانی تایفەی گەورەی بابۆڵی لە هەر دوو دیوی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.