کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوكمی لەسێدارەدانی زیندانی سیاسیی كورد شاكر بێهرووزی پشتڕاست کرایەوە

14:47 - 7 رەزبەر 2721

حوكمی لەسێدارەدانی شاكر بێهرووزی زیندانی سیاسیی كوردی خەڵكی ورمێ بە بیانووی كوشتنی ئەندامێكی سپای تێرۆریستی پاسداران لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە بەشێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی سێشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠ حوكمی لەسێدارەدانی شاكر بێهرووزی زیندانی سیاسیی كوردی خەڵكی ورمێ بە بیانووی كوشتنی ئەندامێكی تیرۆریستی سپای پاسداران لەلایەن دیوانی عالی وڵات بەشێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا. بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار شاكر بێهرووزی لە مانگی پووشپەڕی ١٣٩٩ لە لقی یەكەمی دادگای سزادانی ورمێ بە تۆمەتی كوشتنی ئەندامێكی سپای پاسداران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، كە ئەم حوكمە ١٠ ڕۆژ لەمەو پێش لەلایەن لقی ٣١ی دیوانی باڵای ڕێژیم لە شاری قوم پەسەندكرا. جێی ئاماژەیە ئەم بڕیارە لە كاتێكدا دراوە كە ١٢ كەس لە دانیشتووانی دێهاتی''دزەی مەرگەوەڕ'' شایەتیان داوە كە لە كاتی كوژرانی ''مامل محەممەدی''، شاكر بێهرووزی لە گوندی خۆیاندا بووە و بنەماڵەی لەناوچوو جاری یەكەم سکاڵایان لە شاكر نەكردووە، بەڵام دواتر بەهۆی گوشاری ئیتلاعاتی سپا ناچار كراون سكاڵای خۆیان دژ بە ناوبراو تۆمار بكەن. شاكر بێهرووزی ساڵی ١٣٩٩ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە تۆمەتی ''دژایەتیی لەگەڵ وەلی فەقیە'' و "ئەندامەتی لە حیزبێكی دژبەری ڕێژیم" بە لەسێدارەدان سزا درابوو.