کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵاوایی هونەرمەند و گرافیستی دەست‌ڕەنگینی مەهابادی لە ژیان

14:51 - 7 رەزبەر 2721

چالاکی فەرهەنگی و هونەرمەند و گرافیستی دەست‌ڕەنگینی مەهابادی، "ئاوات حەکیم‌زادە" بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٥ـی ڕەزبەری ١٤٠٠ـی هەتاوی، هونەرمەندی نیشتمان‌پەروەر و دەست‌ڕەنگینی شاری مەهاباد، کاک "ئاوات حەکیم‌زادە" بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. کاک ئاوات حەکیم‌زادە، گرافیست، تایپیست و پەڕڕازێنی بەشێکی بەرچاو لە گۆڤار و کتێبەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بوو. کتێبەکانی "تەفسیری مەلای گەورەی کۆیە" و "ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوون"، لەو بەرهەمانەن کە لە باشووری کوردستان و لەسەر ئەرک و ماندووبوون و ڕازاندنەوەی کاک ئاوات دەرچوون. گیان‌شاد حەکیم‌زادە لەگەڵ گۆڤارەکانی "بەیان"، "گڕوگاڵی نوێ"، "مەهاباد" و ... وەک پەڕڕازێنی سەربەرگ و نێو گۆڤارەکە هاوکاریی کردبوو. کاک ئاوات کەسێکی خۆشناو، ڕۆح‌سووک، نیشتمان‌پەروەر و خەمخۆری ئەدەب و کولتووری نەتەوەی کورد بوو، کە کۆچی‌دوایی‌یەکەی بە خەسارێکی گەورە بەگشتی لە کتێبخانەی کوردی و بەتایبەتی لە بواری کولتووری و ئەدەبییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزاندرێ. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی کاک ئاوات حەکیم‌زادە و هونەرمەندان و چالاکانی فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و شاری مەهاباد بەتایبەتی، خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.