کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە شاری سەقز

15:18 - 7 رەزبەر 2721

حاجی عوسمان ئووەیسی، باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، حاجی عوسمان ئووەیسی، باوکی شەھید ساسان ئووەیسی ناسراو بە (نەبەز)، لە تەمەنی ۷۴ ساڵیدا، دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشییەکی درێژخایەن، بەھۆی جەڵتەی دڵ لە شاری سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد. شەھید ساسان ئووەیسی ناسراو بە ( نەبەز)، پێشمەرگەیەکی خۆنەویست و فیداکاری حیزب و گەل بوو کە دوای پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، لە ھێزی زمزیران سازمان درا و لە شەڕێکی قارەمانانەدا لە ساڵی ٦٥ی ھەتاوی لە "مەیدان چۆغە"ی ڕەبەت شەھید بوو و گڵکۆکەی لە گوندی سووتووی ناوچەی مەیدانانی بانەیە. شایانی باسە کە بنەماڵەی ئووەیسی، یەکێک لە بنەماڵە دڵسۆز و کوردپەروەرەکانی ناوچەی سەقزن و بەردوام لە خەبات و تێکۆشاندا بەشدارییان هەبووە. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی حاجی عوسمان ئووەیسی و کەسوکاری و سەرجەم خەڵکی ناوچەی سەقز، خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.