کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکراوێکی سیاسیی کورد لەژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان کوردستانی جیهێشت

14:13 - 8 رەزبەر 2721

بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی شاری شنۆ لەژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران ناچار بە بەجێهێشتنی زێدەکەی بوو. بەگوێرەی هەواڵی هەنگاو، لوقمان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شنۆ، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ناچار بوو زێدەکەی بەجێبهێڵێت. بنەماڵەی ناوبراو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لەلایەن ئەو ناوەندانەوە بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە. لوقمان عزیزی دەڵێ:" لەژێر هەڕەشەی ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم ناچار بووم کە ئێران بەجێ بهێڵم و ئێستا لە وڵاتێکی دیکە نیشتەجێم". ناوبراو ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردی دژبەری ڕێژیم لەلایەن دادگای ئینقلابی شنۆوە، سزای ١٦ساڵ بەندکرانی بۆ بڕابووەوە کە ئەم سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا کرابووە بە پێنج ساڵ بەندکران و هەشت ساڵیش بەندکرانی هەڵپەسێراو. ئەم بەندکراوە سیاسییە سەرەتای بەهار دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی لەبەندیخانە ئازاد کرا کە ڕۆژی دووشەممە ۳۱ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرلەنوێ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ دەسبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرابوو.