کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهمەن قوبادی داوای بەشداریی تیمی پەنابەران لە فێستیڤاڵی ئۆسکار دەکا

13:40 - 11 رەزبەر 2721

فیلمساز و دەرهێنەری دوورخراوەی کورد بەهمەن قوبادی، لە نامەیەکی سەرئاواڵەدا ڕوو بە ئاکادیمیای زانستی و هونەری سینەمایی ئەمریکا "ئۆسکار"، پێشنیاری کردووە وەکوو یارییە وەرزشییەکانی ئۆلەمپیک کە تێیدا تیمێکی پەنابەر بەشدار بوو، تێمێک لە دەرهێنەرانی فیلم کە لە وڵاتی خۆیان دوور خراونەتەوە، لە بەشی نێونەتەوەیی فیلم بۆ هەڵبژاردنی باشترین فیلم بەشدار بن. بەهمەن قوبادی، فیلمساز و دەرهێنەری کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵات کە چەندین ساڵ پێش لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوورخراوەتەوە، لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوییەوە ئەندامی ئاکادیمیای ئۆسکار بووە و دەڵێ: دەیهەوێت کێشەی زۆربەی دەرهێنەرانی فیلم لە جیهان باس بکا لەبەر ئەوەیکە فیلمسازانی دوورخراوە، بەردەوام لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی کە بەجێیانهێشتووە، ئەژمار دەکرێن. بەهمەن قوبادی لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا دەڵێ: منی ڕۆژهەڵاتی لەدەست زوڵم و زۆری ڕێژیمی ئێرانەوە وەزاڵەهاتووم و ناتوانم لە وڵاتەکەی خۆمدا ژیان بکەم و ئێستا لە وڵاتێکی دیکەدا ژیان دەکەم، تەنیا لەبەر ئەوەیکە داوای مافی خۆم و ئازادی ڕادەربڕینم کردووە. ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: سەرەڕای ئەوەیکە لە ڕۆژهەڵات دوورخراومەتەوە و ئەندامی ئاکادیمیای" ئۆسکار"م، وڵاتانێک وەکوو ئێران و تورکیە ئامادە نین من وەکوو نوێنەری وڵاتەکەیان بناسێنن بە پێشبڕکێیە سینماییەکانی ئۆسکار و نازانم دەبێ فیلمەکانم بە چ زمانێک بەرهەم‌ بێنم کە لە وڵاتانی دیکەدا نمایش بکرێ. قوبادی لە کۆتایی نامەکەیدا دەنووسێ: من لەسەر ئەو باوەڕەم کە فیلمسازگەلێکی دیکە لە جیهاندا هەیە کە کێشەیەی هاوبەش وەکوو منیان هەیە و دەبێ هەموومان پێکەوە هەوڵ بدەین کە نوێنەرێکمان لەنێوان هونەرمەندانی دوورخراوە لە وڵاتەکەیان هەبێ بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکان و بەناوی تیمی پەنابەرانەوە بەشداری لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان بکەین.