کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانە، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە

14:26 - 12 رەزبەر 2721

بەندکراوێکی سیاسیی کورد، بە ناوی "هوشەنگ ڕەزایی" لە بەندیخانەی ڕەجایی‌شەهری کەرەج، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هوشەنگ ڕەزایی بەندکراوی سیاسیی کورد، خەڵکی "نەهاوەند"ـی سەر بە پارێزگای هەمەدان کە ئێستا ١٢ ساڵە بەبێ هەبوونی مافی مەرەخەسی لە بەندیخانە ڕاگیراوە، تووشی پەتای کۆرۆنا بووە و بۆ بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ڕەجایی‌شەهری کەرەج گوازراوەتەوە. هوشەنگ ڕەزایی، ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، لە دوو دانیشتنی دادگادا، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی قازی سەڵەواتی، بەبێ ئەوەی ئیزنی هەڵبژاردنی پارێزەری هەبێت، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاوی، هەڵگرتنی چەک و پەڕینەوە لە سنوور، بە ١٠ ساڵ بەندکران و هەروەها لەسێدارەدان سزا درا. جێی ئاماژەیە کە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین بەندکراوی سیاسی دیکە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی وەکوو "ئارشام ڕەزایی" تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و بۆ بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەکان گوازراونەتەوە.