کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی یازدەهەمین كۆنفرانسی کۆمیتەی یەكیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ

14:51 - 12 رەزبەر 2721

کۆمیتەی یەكیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ یازدەهەمین کۆنفرانسی خۆی لەژێر دروشمی ''مافی یەكسان، دەرفەتی یەكسان تاكە ڕێگەی پێشكەوتنی كۆمەڵگەیە'' بەڕێوە برد. کۆمیتەی نۆروێژی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، یازدەهەمین کۆنفرانسی خۆی بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاو لە میوان و ئەندامانی كۆمیتە بەڕێوە برد و سەرەتای كۆنفرانس بە خولەكێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان دەستی پێكرد. جێێ ئاماژەیە کە کۆمیتەی نۆروێژی یەکیەتیی ژنان وەک نیشاندانی ڕێز و وەفا بۆ چەندین دەیە پشتیوانی لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و هەروەها ئامانجی ڕەوای رێکخراوەی یەکیەتیی ژنان، یازدەهەمین کۆنفرانسی کۆمیتەکەی بەناوی "دایە زێڕین مەرەسەنە-محەممەدپوور" دەستی بە کارەکانی کرد. سەرەتای کۆنفرانسەکە خاتوو "كوێستان گادانی" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات وتارێكی سەبارەت بە گرینگی کولتووری کاری رێکخراوەیی، کاریگەری کاری رێکخراوەیی لە سەر کۆمەڵگە، بەرێوەبەریی و دەستاودەستکردنی بەرێوەبەریی لە ئاستی رێکخراوە بە گشتی و هەروەها ئاستی ئیداری و پراکتیزەکردنی، پێشکەش بە بەشداربووان کرد. لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا خاتوو "مەحبووبە ڕەحیمی‌" بەرپرسی كۆمیتەی بەڕێوەبەریی یەكیەتیی ژنان لە دەرەوەی وڵات لە پەیامێكدا وتی: خەبات بۆ وەدیهاتنی دادپەروەری و رێزگرتن لە بەها مرۆڤایەتییەکان، مێژوویەكی دوور و درێژ و لەهەمان کاتدا پڕ كەندوكۆسپ و قوربانی تێدایە؛ لەو نێوەدا خەباتی ژنان بۆ وەدستهێنانی سەرەتاییترین مافەكان و پێكهێنانی كۆمەڵگەیەكی یەكسان بۆ ژن و پیاو، گەلێک لاپەرەی زێرینی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار كردووە. لە بەشی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، هەڵبژاردن بۆ كۆمیتەی داهاتووی یەكیەتیی ژنان لە كەشێكی دۆستانە و دێموكراتیکدا بەڕێوە چوو.