کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە پارێزگای سنە

14:54 - 12 رەزبەر 2721

لە ماوەی مانگی ڕابردووەوە تا ئێستا ڕێژەی هەڵاوسان تەنیا لە پارێزگای سنە ٧ پلە بەرز بووەتەوە. بەرپرسی ڕێکخراوی ئابووری و گەشەپێدانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە ڕایگەیاند: بەپێی ئاماری هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی ڕێکخراوی ئاماری ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ڕێژەی هەڵاوسان لە پارێزگای سنە ٧ پلە بەرز بووەتەوە. "نەسروڵایی زادە" ئاماژەی بەوە کرد: کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو پلەی هەڵاوسانی پارێزگای سنە بەردەوام بەرز بووەتەوە و بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار و داخرانی دوالەدوای‌ یەکی شوێنی کاروکەسابەتی خەڵک بە بیانووی پەتای کۆرۆناوە، گوشاری ئابووری تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و خەڵکی وەزاڵە خستووە. ئەم کێشەیە لە پارێزگای سنە بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووری و هەروەها نەبوونی بەرنامەی تایبەت بۆ داهات و ئیش و کاری خەڵک زۆرتر خۆی پیشان داوە. جێی ئاماژەیە کە داهاتی خەڵکی پارێزگای سنە زۆرتر لەسەر وەرزێڕی دامەزراوە، بەڵام بەهۆی بایەخ‌نەدانی بەرپرسانی ڕێژیم لەم بەشەدا شایەتی ئەوەین کە لە ماوەی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئێران بەپێی ئاماری ڕەسمی خۆیان ١٨٧ گوند لەم پارێزگا تا ئێستا چۆڵکراوە و خەڵک بۆ کرێکاری ڕوویان لە شارەکان کردووە.