کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی (کۆی بەرهەمەکانی میرزا شەفێع کولیایی) چاپ و بڵاو کرایەوە

14:25 - 13 رەزبەر 2721

کتێبی بە نرخ و ناوازەی "کۆی بەرهەمەکانی میرزا شەفێع کولیایی" لە کۆکردنەوە و ساغکردنەوە و لێکۆڵینەوەی یەحیا محەممەدی، و بە پێداچوونەوە و هەڵەچنیی عەلی سوهرابی، پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کرا. ئەم بەرهەمە لە دووتوێی هەزار و ١٢٠ لاپەڕە و لە دوو بەرگدا لەلایەن وەشانگەی (تاڤگە) لە شاری سنە لە چاپ دراوە. میرزا شەفێع کولیایی، شاعیر و کەسایەتییەکی ناوداری کوردە کە بە درێژایی سێ سەدە هێشتا لە بیری خەڵکدا زیندووە و هەرچەند خاوەنی زۆرترین بەرهەمی کوردیی گۆرانییە، بەڵام هەتا ئێستا بەرهەمەکانی بەگشتی کۆ نەکراونەتەوە. ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ ناساندنی زیاتری شاعیر و بەرهەمەکانی لە دووتوێی دوو بەرگدا کە بریتین لە: ۱ــ دیوانی شێعر، ۲ــ شیرین و فەرهاد، ۳ــ نەوفەڵ و مەجنوون، ٤ــ شەماڵ و زەلان، ٥ــ جەنگنامەی خەسرەوخانی ئەردەڵان، ٦ــ لەیلی و مەجنوون. (هەرچەند ئەم بەرهەمانە پێشتر بە ناوی کەسانی دیکەش بۆ وێنە ئەڵماس‌خان کەنوولەیی)یش بڵاو کراونەتەوە. بەرهەمەکانی شاعیر لەمانە زیاترن و هەتا ئێستا هیچ دەستنووسێک نەبینراوە کە بە دیاری تەرخان کرابێت بە شیعرەکانی میرزا شەفێع کولیایی، بۆیە زۆر جار شیعرەکانی کراون بە ناوی کەسانی ترەوە یان بە پێچەوانەوە. لە خاڵە گرینگەکانی ئەم بەرهەمە؛ شێوەی زانستی، ئەمانەتداریی توێژەر، تێروتەسەلی و تازەیی بابەتەکە و شازبوونی شاعیرە کە یەحیا محەمەدی نزیک بە چەند ساڵ بە پەرۆشییەوە خەریکی کۆکردنەوە و ساغکردنەوەی بووە.