کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای قازی گشتیی و ئینقلابی سنە بۆ سزادانی ئەو پزیشکەی هەواڵی ئاگرتێبەردانی فائیزە مەلەکی ڕووماڵ کردووە

14:31 - 13 رەزبەر 2721

قازی گشتیی و ئینقلابی سنە، داوای کرد ئەو پزیشکەی هەواڵی سووتانی کچێکی لەلایەن باوکییەوە بە میدیایی کرد، سزا بدرێ. ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، "محەممەد جەباری" قازی گشتیی و ئینقلابی سنە، هاوکات لەگەڵ پشتڕاست‌کردنەوەی هەواڵی سووتانی فائیزە مەلەکی وتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لەلایەن ئەو پزێشکە نایاساییە و دەبێ ناوەندی "نیزام پزیشکیی سنە" زۆر توند بەرەوڕووی ئەم پزیشکە ببێتەوە، هەروەها ناوبراو لە درێژەدا وتی: "پەروەندەی ئەم کچە سکاڵای لەسەر تۆمار نەکراوە و بەپێی لێدوانی بنەماڵەکەی، خۆی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و هیچ سکاڵایەک لەو بارەوە تۆمار نەکراوە". ئەو قسانەی محەممەد جەباری، قازی گشتیی و ئینقلابی سنە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەزبەر، " ئیمان نەوابی" پزیشکی نەشتەرگەریی سنە لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی هەواڵی ئەم جینایەتەی بڵاو کردەوە و نووسی کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن باوکییەوە سووتێنرا. قوربانی ئەم جینایەتە پیاوسالارانەیە فائیزە مەلەکی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی گوندی کۆرکۆرەی سەر بە شاری سنە بووە.