کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی سیاسیی کورد لەژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بە ناچار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

14:07 - 14 رەزبەر 2721

چالاکێکی سیاسیی خەڵکی شاری "مەڵەکشا" بە ناوی" ئەبولفەزل موقەدەسی" لەژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی"ئەبولفەزل موقەدەسی" کوڕی محەممەد خەڵکی شاری مەلەکشا سەر بە پارێزگای ئیلام لەژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٥ کیلۆمیتری ڕێگای مەڵەکشا بۆ ئیلام کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ئەبولفەزل موقەدەسی، ناسراو بە "عەبد" دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی لە تاران، لەژێر چاودێری و بەدواداچوونی هێزەکانی ئیتلاعاتدا بوو، هەر بۆیە ناوبراو بە ناچاری ماوەی ساڵێک بە نهێنی ژیا. دوای ئەو ماوەیە لە یەکێک لە شەقامەکانی تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر دەکرێ و بۆ ماوەی ٦ مانگ لەژێر توندترین ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا دەبێ. ئەو چالاکە سیاسییە دوای چەندین جار بانگکردن و لێپرسینەوە و سووکایەتی پێکردن و بەهۆی گوشار و زەختی هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەیەک بەناوی "گەناو" لە دەرەوەی شار، خۆی بە دار بەڕوویەک هەڵدەواسێ و کۆتایی بە ژیانی دەهێنێ.