کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنوەر نیلووفەری بۆ سێهەمین جار و ماوەی ٢٢ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

14:32 - 14 رەزبەر 2721

پەناخوازێکی سیاسیی خەڵکی مەهاباد بەهۆی بێ‌وڵام‌مانەوەی داخوازییەکانی لەلایەن UNHCR بۆ جاری سێهەم لە بەرانبەر بنکەی ئەو ڕێکخراوەیە لە یونان مانی لە خواردن گرتووە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەنوەر نیلووفەری، پەنابەری سیاسیی خەڵکی مەهاباد لە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٠ (١٤ی سێپتامبری ٢٠٢١) بە نیشانەی وڵامدەرنەبوونی کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لەهەمبەر داخوازەکانی، لە بەردەم بینای ئەم ڕێکخراوەیە لە شاری ئاتێن پێتەختی وڵاتی یونان مانی لە خواردن گرتووە. ئەنوەر نیلووفەری دەڵێ: لە ساڵی ٢٠١٤وە لە وڵاتی یۆنان بە بارمتە گیراوم و ئەمڕۆ ٢٢مین ڕۆژه کە لەپێش بنکەی UNHCR مانم لە خواردن گرتووە و خوازیارم کە لە یەکێک لە وڵاتانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا وەکوو کانادا، ئەمریکا یان ئوسترالیا وەربگیرێم، لەبەر ئەوەی کە ئورووپا مافی پەنابەری بە من نەدا و لە ساڵی ٢٠١٥ بە شێوەیەکی نایاسایی منیان دیپۆرتی وڵاتی یۆنان کردەوە و هەروەها بەپێی یاسای دۆبڵین لە هیچ وڵاتێکی ئورووپایی مافی پەنابەرێتیم پێ نادرێت. جێی ئاماژەیە کە ئەم چالاکە سیاسییە ساڵی ڕابردووش بۆ ماوەی ٧٣ ڕۆژ لە پێش بارەگای کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە ئاتێن مانی لە خواردن گرتبوو دواجار بەهۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی و هەبوونی بەردی زراو، دووجار لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و ئەمە سێهەمین مانگرتن لە خواردنی درێژماوەی ناوبراوە لە پێش بارەگای (UNHCR) لە وڵاتی یونان.