کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی سێ تێکۆشەری دێموکرات لەمیراوای سەردەشت

13:15 - 15 رەزبەر 2721

دایە زەینەب مۆنەجەمی، دایکی سێ تێکۆشەری حیزبی دێموکرات لە شارۆچکەی میراوای سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد. بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان،ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە زەینەب مۆنەجەمی، دایکی سێ ڕۆڵەی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارۆچکەی میراوای سەردەشت بە هۆی نەخۆشیی و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. دایە زەینەب دایکێکی دڵسۆز و کوردپەروەر و نیشتماندۆست و حیزب خۆشەویست بوو،هەربۆیە دوو لە جگەرگۆشەکانی ئەو ژنە شۆڕشگێڕە بە ناوەکانی خدر و سەعید تێکەڵ بە کاروانی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبن و لەو ڕێگاوە بەرگری لە کورد و کوردستان دەکەن و چەکی هەڵوێست و پارێزگاریی لە مافی گەلەکەیان دەکەنە شان و دەبنە پێشمەرگە ئێستاش لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا هاوڕێ لە گەڵ برایەکی دیکەیان بە ناوی محەممەد، وەکوو ئەندامی ئەو حیزبە درێژە بە خەبات دەدەن. پێویستە بگوترێ کە کاک خدر میراوایی تا ئاستی فەرماندەریی هێز پلەی بەرپرسیارەتیی بە ئەستۆدەگرێ و کەسێکی دیار و قارەمانی نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بووە کە بەداخەوە لەو ڕێگایەشدا بە سەختیی برینداردەبێ. لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی دایە زەینەب و بە تایبەت سێ کوڕە تێکۆشەرەکەی و هەموو خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.