کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی خولێکی فێرکاریی زمانی کوردیی لە ناوچەی بانە

15:26 - 15 رەزبەر 2721

خولی دووهەمی فێرکاریی زمانی کوردیی لە گوندی "قوڵەستێر"ـی بانە کە بۆ کچانی ئەو گوندە ڕێکخرابوو کۆتاییهات. بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، خولی دوهەمی فێرکاریی زمانی کوردیی کچانی گوندی "قوڵەستێر"ـی سەربە شاری بانە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئەدەبیی "هاژە" بە سەرپەرەستیی مامۆستا "ڕەحمان قادری" سەرکەوتووانە کۆتاییهات و کچانی ئەو گوندە بە تێکۆشان و دڵسۆزیی مامۆستایانی ئەنجومەنی هاژە، بێبەش نەبوون لە فێربوونی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکییان. ئەنجوومەنی ئەدەبیی هاژە، بەردەوام لە ناوچە بانە گرینگییەکی تایبەتی بە زمانی دایکیی و فەرهەنگ و کلتووری کوردیی داوە و لە گوندەکانی ئەو ناوچەیەدا وێڕای ئەنجومەن و ناوەندەکانی دیکە، خولی فێرکاریی زمانی کوردیی کردۆتەوە و خەڵکێکی زۆر بەو هۆیەوە فێری زمانی دایکیی خۆیان بوون. هەروەها ئەو ئەنجوومەنە وێڕای ناوەندە فێرکاری و ئەنجوومەکانی دیکەی کوردستان بەردەوام لە شار و گوندە جیاوازەکانی کوردستان ڕۆڵی باشیان لە پەروەردە و ڕاهێنانی خەڵکی کوردستاندا هەبووە.