کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کوڕی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی ئالان

14:49 - 17 رەزبەر 2721

کوڕی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی "حەسەن محەممەد‌پوور" کوڕی شەهید محەممەدئەمین محەممەد‌پوور، خەڵکی گوندی "بێژوێ"ـی ناوچەی ئالانی سەردەشت، بۆ هەمیشە ماڵاوای لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک حەسەن محەممەد‌پوور، کوڕی شەهید محەممەد‌ئەمین محەممەدپوور، ناوسراو بە "مینە گەورە" شەهیدی ڕێگەی ڕزگاری کورد و کوردستان و ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات، بەهۆی نەخۆشییەوە لە گوندی "بێژوێ"ـی سەربە ناوچەی ئالانی سەردەشت، دڵی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد. بنەماڵەی کاک حەسەن، بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و حیزب‌خۆشەویست بوون، هەروەها مامێکی بەناوی "کوێخا عەلی" لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەرگرییەکی قارەمانانەدا لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان، پەیوەست بوو بە کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە و مامێکی دیکەی ناوبراو بەناوی مام "برایمی بێژوێ" وەکوو پێشمەرگەیەکی ئازا و بە بیروباوەڕ لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا خەبات و تێکۆشان دەکا، لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوایی ناوبرا، سەرەخۆشی لە مام برایم و هەموو خزم و کەسوکار و خەڵکی ناوچەی ئالان دەکەیەن و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.