کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شێواندنی پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی مافی منداڵ لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە

14:30 - 17 رەزبەر 2721

بە پشتگیری بەرپرسان و نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم "بەڵگەی نەتەوەیی مافی منداڵ" کە بە پێی یاساکانی خۆیان دایانڕشتووە ،دەبێتە جێگرەوەی "بەڵگەنامەی نێونەتەوەیی مافی منداڵ" "زارا ئایەتوڵڵاهی" ئەندامی شۆرای فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی ژنان لە شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی ڕێژیم ڕایگەیاند: لەوە بەدواوە بنچینەی پاراستنی مافی منداڵ، بەڵگەنامەی نەتەوەیی مافی منداڵ لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. هەڵوەشاندنەوەی بەڵگەنامەی ٢٠٣٠ و بە فەرمی ڕاگەیاندنی بەڵگەنامەی ڕێژیم لە ژێر ناوی بەڵگەنامەی نەتەوەیی منداڵ، یەکێک لە کارەکانی دەوڵەتی ڕەئیسی بوو. بە پێی ئەم بەڵگەنامەیە ئیزن دراوە کە منداڵانی ژێر تەمەن ١٣ ساڵ هاوسەرگیری بکەن. بەڵگەنامەی نەتەوەیی مافی منداڵ لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویی داڕێژرا و ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویی مەجلیسی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند بەڵام دەوڵەتی ڕوحانی جێ‌بەجێی نەکرد. ئایەتوڵڵاهی دەڵێ: ئەگەر منداڵ لە مانای حەیا تێ‌بگات پێویستی بە زۆر پەروەردە نابێ و لە شتەکان بە ئاسانی تێدەگات. ئاماژە بەوەیکە یەکێک لە خاڵەکانی بەڵگەنامەی ٢٠٣٠ پەروەردەی ڕەگەزی منداڵە کە ڕێژیم بە هۆی گونجاو نەبوون لە گەڵ یاساکانی ئایینیی ڕێژیم ڕەتیکردووەتەوە. لە ئێستادا زۆرتر لە ١٩٣ وڵات لە دنیا بەڵگەنامەی نێونەتەوەیی مافی منداڵی پەسەندکردووە و ڕێژیمی ئێرانیش ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی ئەم بەڵگەنامەی بەو مەرجە پەسەندکرد کە هەرخاڵێکی لەگەڵ شەرع و ئایین نەیخوێندەوە خۆی لێ‌ببوێرێ. بەڵگەنامەی نەتەوەیی مافی منداڵ ئیزن دەدات کە لەگەڵ منداڵی تەمەن ژێر ١٣ ساڵ هاوسەرگیری بکرێت، ژنان مافی بڕیاردان لەسەر جەستەی خۆیانیان نییە و هەر شێوە فێرکاری ڕەگەزی و پاراستنی کەرامەت تاکوو تەمەنێکی تایبەت ڕێگەپێدراو نییە.