کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی خوشکی شەهید و دایکێکی نیشتمانپەروەر لە شاری مەهاباد

22:16 - 17 رەزبەر 2721

دایە "زارا زووم‌یاد"، کەسایەتیی نیشتمانپەروەری شاری مەهاباد و خوشکی شەهید عەلی زووم‌یاد ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەیانی ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە زارا زووم‌یاد، دایکی پێشمەرگەی دێرینی حیزب ئەبووبەکر خوسرەوی و هەروەها دایکی هاوڕێ ناسر خوسرەوی ئەندامی چالاکی حیزب و خوشکی پێشمەرگەی شەهید "عەلی زووم‌یاد" و هەروەها پوری پێشمەرگەی شەهید "پیرۆت ڕەحمان خاکی"، دوای ماوەیەکی زۆر بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا لە شاری مەهاباد، دلە پڕ لە هیواکەی بۆ ئازادی کوردستان لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد. دایە زارا خاتوونێکی نیشتمانپەروەر، دڵسۆز و فیداکار بوو، هەر بۆیەش خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک لە ناوچەی مەهاباد بووە و لەنێو خزم و ئاشنا و خەڵکی شاری مەهاباد دا، خاوەنی ڕێز و حورمەتی تایبەتی بوو. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کوردپەروەری دایە زارا زووم‌یاد و سەرجەم خەڵکی ناوچەی مەهاباد دەکەین و هاوکات خۆمان بە شەریک و هاوبەشی خەمیان دەزانین.