کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک مستەفا قازی، کادری پێشوو و ئەندامی حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

22:19 - 17 رەزبەر 2721

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، ڕێکەوتی ١٧ی ڕەبەزری ١٤٠٠ هەتاوی، کەسایەتییەکی خۆشناوی دیکەی بنەماڵەی بەناوبانگی قازییەکان و پێشمەرگە و کادری دەیان ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک مستەفا قازی لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد. کاک مستەفا قازی کە لە نزیکەوە و لە تەمەنی لاوی‌دا شاهیدی دامەزرانی کۆماری کوردستان و هەروەها ڕووخانی کۆمار و لەسێدارەدانی پێشەوای سەرۆککۆمار، قازی محەممەد بوو، زۆر زوو بە ئەندامبوونی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا ڕێگا و ڕێبازی ئەم حیزبەی گرتە بەر و هاوڕێ لەگەڵ برا و ئامۆزاکانی لە بنەماڵەی قازی، دوای شەهیدبوونی پێشەوا قازی محەممەد لە ڕێبازی ئەم حیزبەدا درێژەی بە تێکۆشان دا. ناوبراو لە درێژەی کار و تێکۆشانی حیزبی‌دا و دوای گیرانی بەدەیان کەس لە ئەندامانی حیزب بە دەستی دەزگای سەرکوتی ساواکی سەردەمی پاشایەتی، ناچار بە بەجێهێشتنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت و هاوڕێ لەگەڵ بەشێک لە هاوڕێیانی لە باشووری کوردستان دەگیرسێتەوە. دوای ماوەیەک مانەوە لە باشووری کورستان، بەهۆی بارودۆخی بنەماڵەکەی و به ئاگاداریی حیزب دەچێتەوە مەهاباد کە تا سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی پاشایەتییەوە ئازار و ئەزییەت دەدرێ و دوای دەرکردنی لەسەر کارەکەی،چەند جارێک دوور دەخرێتەوە. دوای گەڕانەوەی ڕێبەرایەتیی حیزب بۆ کوردستان و لە سەروبەندی شۆڕشی ٥٧ دا، کاک مستەفا قازی بۆ جارێکی دیکە پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تێکۆشەرانی دێموکرات دەبێت و بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ وەک کادری حیزبی لە ئۆڕگانەکانی کۆمیتە شارستانی مەهاباد، کۆمیسیۆنی ماڵی و کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی ئەرکی حیزبی و نیشتمانیی خۆی بەڕێوە دەبات. کاک مستەفا قازی دوای گەڕانەوەی بۆ نێو بنەماڵە و کەسوکاری لە شاری مەهاباد، وەک کەسایەتییەکی خۆشناو، نیشتمانپەروەر و حیزبی، هەمیشە جێی متمانەی خەڵک مایەوە و لە ڕێگای جۆراوجۆر، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێوەندیی خۆی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و ڕێبەران و کەسایەتییەکانی ئەم حیزبه پاراست وتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە. کاک مستەفا قازی کوڕێکی جگەرگۆشەی بە ناوی عەلی قازی کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو، ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی لە تێکەڵچوون لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا گیانی بەختی گەل و نیشتمانەکەی کرد و شەهید بوو. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک مستەفا قازییەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم قازییەکان و خەڵکی شاری مەهاباد دەکات. بەهەشتی بەرین جێگای بێت و ڕۆحی شاد.