کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وشکەساڵی زیانی زۆری بەر کەرتی کشتوکاڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندووە

14:23 - 18 رەزبەر 2721

بەهۆی وشکەساڵی کەرتی کشتوکاڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٦٠٠ میلیۆن دۆلار زیانی پێ گەیشتووە. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران کە نزیکەی دوو مانگ لەمەوەبەر بڵاو کرایەوە، ئاماژە بە کەمکردنی سەتا٤٠ی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و زیانێکی ٦٧تریلیۆن تمەنی لەو بەشە کراوە. جەواد ساداتی نەژاد، وەزیری کشتوکاڵی ڕێژیم دەڵێ: "دەزانین لە ماوەی ٥٢ ساڵی ڕابردوودا، وشکەساڵی بەو شێوەیە نەبووە کە زیانێکی زۆری بە زۆربەی بەشەکان گەیاندووە کە لە هەموویان گرینگتر بەشی کشتوکاڵە، بە تایبەتی لە بەشی دێمەکاریدا، زیاتر لە ٦.٥میلیۆن تۆن زیانمان پێگەیشتووە کە کاریگەری لەسەر کەرتی ئاژەڵداریش داناوە و ناچارین بۆ دابینکردنی ئالیکی ئاژەڵ، نزیکەی چوار میلیۆن تۆن جۆ هاوردە بکەین. چونکە بەهۆی وشکەساڵی بە رێژەیەکی لەبەرچاو، ئالیکی ئاژەڵیش کەمی کردووە. بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی ڕێژیم، بڕی ساڵانەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەو وڵاتە ١٢٠ میلیۆن تۆنە کە ٢١میلیۆن و ٩٦٠هەزار تۆنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەم دێت. ئەمساڵ ٥ میلیۆن و ٥٦٦هەزار تۆن لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمی کردووە و ئەوەش زیانێکی زۆری بە جووتیاران و کەرتی کشتوکاڵی گەیاندووە. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرنامە و بودجەی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەتا٤٠ بۆ ٥٥ی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، داهاتیان لەسەر کشتوکاڵە و کەمبوونەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیانی ئابووریی بەو رێژەیەی خەڵک گەیاندووە. جێی ئاماژەیە کە ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گرینگی پێنەدان بە کێشە و گرفتەکانی جووتیاران و ئاژەڵداران بووەتە هۆی ئەوەی کە سالانە خەسارێکی زۆری ماددییان بەرکەوێ.