کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی نادیاری ٣٠٠٠ کوردی ئێزیدی

14:47 - 18 رەزبەر 2721

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەنووسێت ئێستاش چارەنووسی ٣٠٠٠ کوردی ئێزیدی کە لەلایەن داعشەوە بە دیل گیران نادیارە و ئەگەری ئەوە هەیە کە گیانیان لەدەست دابێت. گرووپی تێرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا هێرشی کردە سەر ناوچە ئێزیدینشینەکانی باکووری عێراق لە ناوچەی شەنگال و پاش کوشتنی چەند هەزار کەس لە کوردانی ئێزیدی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچانی ئێزیدی وەکوو کۆیلە بە دیل گرت. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری سەرچاوەیەکی ئێزیدییەوە دەڵێت ژمارەی ئەو کەسە ئێزیدییانەی ون بوونە دەگاتە ٣٠٠٠ کەس، کە ڕەنگە زۆربەیان گیانیان لەدەست دابێت. بەم حاڵەشەوە سەدان کەس لە دیلەکانی داعش ئێستا لە چەند وڵاتێک وەکوو تورکیە و سووریە بە دیلکراوی ماونەتەوە و خاوەنەکانیان بۆ ئازادکردنیان تەنها بە پارە ئامادەن کە ئازادیان بکەن. بەپێی ڕاپۆرتەکە دەبێت بۆ ئازاد کردنی هەر یەک لە دیلە ئێزیدییەکانی دەستی داعش بەشێوەی مامناوەند ٦٠٠٠ دۆلار پارە بدرێت، بەڵام کێشە ئەمەیە کە زۆرینەی ئێزیدییەکان ئێستا ئاوارەن و کار و داهاتێکیان بۆ پێدانی ئەو پارەیە نییە کە خزم و کەسەکانی خۆیان ئازاد بکەنەوە. بنەماڵە ئێزیدییەکان دەڵێن پێشتر ژمارەیەک کەسی خێرخواز هەوڵیان بۆ ئازادکردنی ئێزدییەکان داوە، بەڵام ئێستا هەڵمەتەکان وەستاون و ژمارەیەکی زۆر لە دیلە ئێزیدییەکان ئێستاش ئەسیرن و چاوەڕوانی پێدانی پارەن بۆ ئازاد بوونیان.